واشنتن
راوێژکاری ئەونی کۆشکی سپی (سۆزان رایس) لەمیانەی بەشداریکردنی کۆنفڕانسی ساڵانەی ٦٧ مینی ئەنیستوتوی (میدڵ ئێست) رایگەیاند: چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین و ئیسڕائیل کە یەکێک لە پرسە سەختەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، لەسەرووی کارە گرنگەکانی ئەمریکا یە.
رایس راگەیاند: ئاشتی تەنیا بە رێککەوتن بەرقەرار دەبێت، ھەموو کەس دەزانێ ئەوە بە ئاسانی بەدینایەت. لەوبارەیەوە گوتی" بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین دەبێ پابەندی پێدانی دەرفەت بە رێککەوتن بین، چونکە ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەنەبێ، کاردانەوەی نەرێنی بۆ سەر ئەمریکا، ئیسڕائیل و فەڵەستین دەبێ".
رایس پێیوایە لەو کاتەی گفتوگۆی ئاشتی درێژەی ھەیە، ھەوڵی ئیسڕائیل بۆ دروستکردنی شوێنی نوێی نیشتەجێبوون یەکێکە لە ھۆکارەکانی زیادبوونی گرژی لەنێوان ھەردوولا. لەمبارەیەوە گوتی" کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل (بنیامین نەتانیاھۆ) لەگەڵ سەرۆکی دەستەڵادارێتی فەڵەستین (مەحمود عەباس) ھەنگاوی گرنگ دەنێن، دەبینین گرژی لەو ناوەدا زیاتر دەبێ و یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەم گرژیەش وروژاندنی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونە لەم رۆژانەی دوایی. ئەمریکا ھەڵسوکەوتەکانی ئیسڕائیل بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ بە راست نازانێ."
رایس جەختی لەوە کردەوە کە مەسەلە ھەستیارەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن، ھەروەھا پێیوایە چارەسەری مەسەلەی ئیسڕائیل و فەڵەستین ھەموو ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە چارەسەر ناکات.
رایس رایگەیاند کە ئەوان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، سەقامگیری، رێگرتن لە توندوتیژی و چارەسەرکردنی کێشەی ئیسڕائیل و فەڵەستین درێژە بە ھەوڵەکانیان دەدەن.
سوزان رایس لەبارەی رەوشی سوریا قسەی کرد و رایگەیاند: ئەو کارەساتە مرۆڤی و توندوتیژیەی لە سوریا بەردەوامە، ھەڕەشە لە یەکترترازانی زیاتری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ئەو کێشەیە بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێ.
ھەروەھا گوتی" ھەوڵەکانی ئەسەد بۆ مانەوەی لە دەستەڵات وەک کوشتنی گەلەکەی، ژەھرخوارکرنی منداڵەکان و برسیکردنی خەڵک نابێ. بۆیە تا ئەو کاتەی ئەسەد لەسەر دەستەڵات بێ سوریا دواڕۆژی نابێ".
رایس دڵخۆشی وڵاتەکەی بە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەمەڕ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی جنێڤ ٢ دەربڕی و گوتی:" تاکە رێگە کە سوریەکان دەپارێزێ و کۆتایی بە توندوتیژی دەھێنێ، گەیشتنە بە رێککەوتنی سیاسی. دڵخۆشین بە بڕیاری ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا لەمەڕ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی جنێڤ ٢".