Mustafa Deveci,Hozan Mohammed Jabbar
17 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2023
ئەنقەرە-AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەسەر بانگهێشتی هاوتا میسرییەکەی، سامیح شوکری، سبەی شەممە بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە میسر.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرا کراوە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی نێوان چاوشئۆغڵو و شوکری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بکرێن، هەروەها بیروبۆچوون لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن.
چاوشئۆغڵو دوای ١١ ساڵ دەبێتە یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لە تورکیاوە راستەوخۆ سەردانی میسر بکات.
دوای بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش، وەزیری دەرەوەی میسر رۆژی ٢٧ی شوبات سەردانی تورکیای کرد و بۆ نیشاندنی پشتگیری وڵاتەکەی و سەرەخۆشیکردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کۆبووەوە.
هەروەها میسر هاوکاریی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی تورکیا ناردبوو.