20 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2021
ئانتالیا - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاشکرای کرد کە رێککەوتنی جێنتڵمان هەیە لەبارەی ئەنجامنەدانی هیچ مانۆڕێک لە دەریای ئیجەدا، بەدرێژایی وەرزی گەشتوگوزار لە هاویندا و رایگەیاند ''یۆنان ئێستا NAVTEX رادەگەیەنێت. رێککەوتنمان هەبوو بۆ ئەنجامنەدانی NAVTEX و مانۆڕ. یۆنان ئەوەشی تێکدا. پێویستە یۆنان واز لە هاندان و شەڕەنگێزی بهێنێت''.
مەولود چاوشئۆغڵو بەبۆنەی کۆتایی هاتنی کۆڕبەندی ئانتالیای دیپلۆماسیی ''هاوبەشی پەیوەندی جیهانیی'' ئاژانسی ئانادۆڵو کە لە ناوەندی کۆنگرەی NEST بەڕێوەچوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز كرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا لەبارەی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە چ ئاستێکدایە، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای گرژییەکانی ئیجە و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دیالۆگی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێ کردووە.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە راوێژی نێوان وڵاتان سەرلەنوێ دەستی پێ کردووە و گفتوگۆی زیادکردنی متمانە ئەنجامدراوە و رایگەیاند ''وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیکۆس دێندیاس هات. منیش چووم بۆ ئەوێ. سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس لە بڕۆکسل کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە ئەرێنیی بوو. ئایا هەموو کێشەکان چارەسەر بوون؟ نەخێر.''
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها داوای کرد یۆنان راستگۆ بێت بەرامبەر رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و گوتی: ''رێککەوتنی جێنتڵمان هەیە لەبارەی ئەنجامنەدانی هیچ مانۆڕێک لە دەریای ئیجەدا بەدرێژایی وەرزی گەشتوگوزار لە هاویندا. یۆنان ئێستا NAVTEX رادەگەیەنێت. رێککەوتنمان هەبوو بۆ ئەنجامنەدانی NAVTEX و مانۆڕ. یۆنان ئەوەشی تێکدا. پێویستە یۆنان واز لە هاندان و شەڕەنگێزی بهێنێت''.
مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان لە ئەرمینیا گوتی: ''ئومێدەوارم تێدەگەن کە تاکە رێگای سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە باش بوونە لەگەڵ دراوسێکاندا و لەبری چاوبڕینە خاکی دراوسێکان، هەبوونی پەیوەندی باشە لەگەڵیاندا".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: ''لەبەرئەوەی ئەرمینیا بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی رابردوویەوە خۆی دابڕیوە، وڵاتێکە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی باشووری قەوقاز لەو بابەتانەدا دواکەوتووە، بەڵام ئیدی پێویستە دوژمنایەتی وەلانێت و بیربکاتەوە لەوەی چی بکات لەگەڵ دراوسێکانیدا پەیوەندی باش بێت''.
مەولود چاوشئۆغڵو هەروەها باسی لە کردنەوەی کۆنسولخانەی گشتیی تورکیا کرد لە شاری شوشای ئازەربایجان و رایگەیاند ''لە شوشا سەرکردەکەمان بڕیاریداوە بە کردنەوەی کۆنسولخانەیەکی گشتیی لە شوشا، ئێمە وەک وەزارەتی دەرەوەی ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان ئەوەیە کە لە کورترین ماوەدا کارە فەرمییەکان تەواو بکەین و کۆنسولخانە گشتییەکەمان لە شوشا بکەینەوە و کۆنسولی گشتیی و هاوڕێیانی کار رەوانەی ئەوێ بکەین. پشتیوان بەخوا لەوێش ئاڵای تورکیا لە پاڵ ئاڵای ئازەربایجان دەشەکێتەوە''.
کۆنگرەی رۆژنامەوانیی مەولود چاوشئۆغڵو لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا https://t.co/6VbIr7RR9w
— (كوردی) ANADOLU AGENCY (@aasorani) June 20, 2021