Emre Aytekin,Dmitri Chirciu,Hozan Mohammed Jabbar
17 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2023
پەکین/ مۆسکۆ-AA
سەرۆکی چین، شی جیپینگ لە کاتێکدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و نزیکبوونەوەی وڵاتەکەی لە رووسیا بووەتە جێگەی باسوخواس، سەردانی مۆسکۆ دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، هوا چونینگ رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆک شی لە رۆژانی ٢٠-٢٢ی ئادار بە سەردانێکی فەرمی لە مۆسکۆی پایتەخت دەبێت.
کۆشکی کرملین لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە شی سەردانی ئەو وڵاتە دەکات، هەروەها رایگەیەند کە لە میانی کۆبوونەوەکەی نێوان پوتین و شی "پەیوەندییەکان و هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان رووسیا و چین تاوتوێ دەکرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوو سەرکردە بڕیار وایە بیروڕا لەبارەی قووڵبوونەوەی هاوکارییەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ئاڵوگۆڕ بکەن و هەندێک بەڵگەنامەی گرنگ واژۆ بکەن.
شی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە بۆ یەکەمجارە سەردانی مۆسکۆ دەکات. جێگای سەرنجە کە سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ قۆناغێک کە تێیدا هەڵوێستی چین لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بووەتە جێگەی باسوخواس و لە ململانێی جیۆپۆلەتیکی لەنێوان رووسیا و ئەمریکا، چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا قوڵتر کردووەتەوە.
دوای بەرپابوونی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، چین خۆی لە بەکارهێنانی دەستەواژەی "جەنگ" و "داگیرکاری" بەدوور گرت و لەنێو ئەو چەند وڵاتە کەمەدا بوو کە بێلایەنیی هەڵبژارد لە دەنگدانەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت سەرکۆنەکردنی مۆسکۆ.
هەرچەندە ئیدارەی پەکین لە دوای جەنگ بەشداریی لە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر رووسیادا نەکرد، بەڵام تا رادەیەکی زۆر پابەند بوو بە سزاکان بۆ ئەوەی زیان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا نەگەیەنێت.