Nazlı Yüzbaşıoğlu
25 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2021
ئەنقەرە- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی سەردانێکی فەرمی بۆ هەنگاریا لەگەڵ وەزیری کاروبار و بازرگانی دەرەوەی ئەو وڵاتە، پیتەر سیارتۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد.
مەولود چاوشئۆغلو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵی سوپا بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان رایگەیاند "ئێمە دژبە کودەتا و هەموو هەوڵێکی کودەتاین جا لە هەر شوێنێکی جیهان بێت. هەربۆیە بەتوندی ئیدانەی هەوڵی کودەتاکەی ئەرمینیا دەکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە سیستمی دیموکراسیدا شتێکی ئاساییە هاووڵاتییان رەخنە لە دەسەڵات بگرن و تەنانەت داوای دەستلەکارکێشانەوەشی بکەن، بەڵام سوپا نەک هەر مافی کودەتا بەڵکو مافی ئەوەشی نییە داوای دەستلەکارکێشانەوە لە حکوومەتێک بکات کە بە دەنگی خەڵک هاتووەتە سەر دەسەڵات.
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە لەئێستادا هەلێکی گرنگ بۆ سەقامگیری ناوچەکە هاتووەتە پێش و رایگەیاند "ئەم جۆرە هەوڵی کودەتایانە هەنگاوی تێکدەرانەن بۆ شێواندنی سەقامگیری ناوچەکە. هەربۆیە ئێمە دژیانین و هیچ پەیوەندییەکمان پێیانەوە نەبووە. ئێمەش لەڕێی راگەیاندنەکانەوە چاودێری دەکەین و هەوڵدەدەین زانیاری وردتر بەدەستبهێنین، بەڵام هەڵوێستی تورکیا روون و ئاشکرایە و ئێمە دژبە کودەتاین جا لە هەر شوێنێک بێت".