Mazın Asad
23 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2017
پەرلەمانی تورکیا - AA
وەزیری بەرگری تورکیا، نوردەین جانیكلی لەبارەی گشتپرسی ھەرێمی کوردستان کە بڕیارە ٢٥ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، رایگەیاند: "گشت جیھان دەزانێت ئێمە بلۆف ناکەین. گشت بڕیارەکان لەسەر مێزە و لەکاتی پێویستدا بەکاری دەھێنین".
جانیکلی لەکاتی گفتۆکان لەسەر پرسی درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی سنووری تورکیا لە عێراق و سووریا، بۆ دووەمجار بەناوی حکوومەت گوتەیەکی پێشکەش کرد.
وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی سنوور کە ھێشتا نزیکەی ٤٠ رۆژی ماوە، راستەوخۆ پەیوەندی بە گشتپرسی ھەرێمی کوردستان ھەیە.
نوردەین جانیکلی ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ تورکیا بۆشاییەکی ئەمنی زۆر جددی دروست دەکات و گوتیشی: "ئەم گشتپرسیە ناوچەکە دەخاتە نێو ئاگرەوە. بۆیە پێویستە رێگری لێ بکرێت. لە یەکەم ھەنگاو دەبێت واز لە بڕیاری ئەم گشتپرسیە بھێنرێت. ھەنگاونان پێش ئەنجامدانی گشتپرسی، شیاو نابێت و رێگە بۆ باجی زۆر گەورەتر خۆش دەکات. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا کاتێک ھەڵسەنگاندن لەسەر ھەنگاوەکان دەکرێت، بڕیارەکان لەجێ خۆیەتی. گشت جیھان دەزانێت ئێمە بلۆف ناکەین. گشت بڕیارەکان لەسەر مێزە و لەکاتی پێویستدا بەکاری دەھێنین. کەسیش گومانی لەمە نەبێت".