Yeşim Sert Karaaslan,Enes Kaplan,Muhammet Ali Kemal
09 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2019
ئەنقەرە - AA
نوێنەری ئاک پارتی لە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان، رەجەب ئۆزەل ئاشكرایکرد دامەزراوەکە بڕیاریداوە ٥١ سندوقی ئیستانبوڵ دووبارە بژمێردرێنەوە و داواکاریی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان لە ٣١ ناوچە بەشێکی رەتکراوەتەوە و بڕیاردان لەبارەی داواکارییەکانی پەیوەست بە بویوکچەکمەجە دواخراوە.
رەجەب ئۆزەل لەدوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار، لەبارەی تانەکانی ئیستانبوڵ لەبەردەم باڵەخانەی دامەزراوەی هەڵبژاردنەکاندا روونکردنەوەی دا.
رەجەب ئۆزەل باسی لەوەکرد لە ئیستانبوڵ ١٠ ملیۆن و ٥٦٠ هەزار و ٩٦٣ دەنگدەر هەن و لەنێوان کاندیدانی ئاک پارتی و جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی شارەکەدا دەورووبەری ١٥ هەزار دەنگ جیاوازیی هەیە.
تیشکی خستەسەر ئەوەش داواکارییان بۆ ژماردنەوەی سەرجەم دەنگەکان گەیاندووەتە دامەزراوەکە و رایگەیاند "کەمێک لەمەوبەر دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆی ٣٢ ناوچە بڕیاری لەبارەی ٣١ ناوچەوە دا. بڕیار لەبارەی دانەیەکیانەوە کە بویوکچەکمەجەیە، دواخرا. بویوکچەکمەجە سبەی تاوتوێ دەکرێت. چونکە رووداوی دیکە هەن. رووداوگەلی پەیوەست بە هەڵبژاردنی ناوچە لە بویوکچەکمەجە و رووداوی دیکەش کە کاریگەرییان هەیە لەسەر شارەوانی گەورەشار، هەن. لەبەر ئەوەش ئەوەیان دواخراوە".
نوێنەری ئاک پارتی لە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان، رەجەب ئۆزەل باسی لەوەشکرد کە ئەوان داوکارییان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی سندوقەکانی دەنگدان لە سەرجەم ٣١ ناوچەکە بژمێردرێنەوە و رایگەیاند "ئێستا وەک دەزانن ژماردنەوەی دەنگە پووچەڵەکان...ژماردنی تەواوی دەنگەکانی شەش ناوچە یەکسانە بە لەسەدا شەشی کۆی دەنگدەرانی ئیستانبوڵ. ٢٩ هەزار جیاوازیی لە دەنگەکاندا، دوای ژماردنی ئەو لەسەدا شەشە ئەمڕۆ، بەپێی دوایین ژمارەکان بۆ ١٤ هەزار و ٦٠٤ دەنگ دابەزیوە. ئەگەر بێت و ئێستا ژماردنەوە بەردەوام بێت، لەسەدا شەشیمان ژماردووە و جیاوازییەکە بۆ ١٤ هەزار و ٦٠٤ دەنگ دابەزیوە".