Abdullah Shukur
03 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ لەبارەی گشتپرسییەکەی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھەنگاوی بەرجەستەمان ناوە. ھەمیشە ئاماژەمان کردووە کە ھاوبەرامبەری ئێمە حکوومەتی عێراقییە و لەمەودواش تا ئیدارەی ھەرێمی باکووری عێراق لەم ھەڵەیە پاشگەز نەبێتەوە کە ئەنجامی داوە، ئەوا بەستنی ھیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەم شوێنە جێگەی باس نابێت".
بۆزداغ لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا بە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران بینالی یڵدرم، لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە رۆژەڤی دایەوە.
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا لە قۆناغی داھاتوودا لەبارەی پێشھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، زانیاری پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا دەکرێ؟ ئایا ھیچ پێشھاتەیەک لەبارەی داخستنی دەرگای سنوور و بۆرییەکانی نەوت لە ئارادایە؟ بۆزداغ رایگەیاند کە ئەوان ناو بەناو زانیاری بە پەرلەمانی تورکیا دەدەن. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "ھەروەکو دەزانن تورکیا رایگەیاندبوو کە ژمارەیەک رێوشوێن بەرامبەر گشتپرسییەکەی باکووری عێراق دەگرێتەبەر. ئەم رێوشوێنانەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەگرینەبەر و ھاریکاریشمان لەگەڵ ئێران دەبێ. لە پاڵ ئەمەش گرنگی بە یاساکانی نێودەوڵەتی دەدەین. لە چوارچێوەی سیاسەتی عاقلمەندانە ھەنگاوەکان دەنێین. لە پاڵ ھەموو ئەو شتانەش بەرژەوەندی گەلی تورکیا دەپارێزین. ھەنگاوی بەرجەستەمان ناوە. ھەمیشە ئاماژەمان کردووە کە ھاوبەرامبەری ئێمە حکوومەتی عێراقییە و لەمەودواش تا ئیدارەی ھەرێمی باکووری عێراق لەم ھەڵەیە پاشگەز نەبێتەوە کە ئەنجامی داوە، ئەوا بەستنی ھیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەم شوێنە جێگەی باس نابێت".
بۆزداغ راشیگەیاند: "بەردەوام دەبين لە ھاویشتنی ھەنگاوی ھاوبەش لەگەڵ عێراق. لەمبارەیەوەش لە چەند رۆژێکی داھاتوو ھەنگاوی نوێ دەنێين و ئەمەش ھەموو کەسێک دەیبینێ. ئەم ھەنگاوانەش بە کرداریی ئەنجام دەدرێن لە جیاتی ئەوە لە راگەیاندنەکان بڵاوبکرێنەوە".