Abdullah Shukur
08 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ لە کاتی پشووی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا، لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد و تێدا رایگەیاند کە "باری نائاسایی جارێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە".
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ لەبارەی درێژکردنەوەی باری نائاسایی گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەم بابەتە لە رۆژەڤی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی داھاتوو باس دەکرێ و پاشانیش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری درێژکردنەوەی باری نائاسایی دەدرێ. لە دوای ئەمەش لە پەرلەمان تاوتوێی لەسەر دەکرێ و دەخرێتە واری جێبەجێ کردنەوە".
لە لایەکی دیکەش بۆزداغ لەبارەی ئەرکی سەربازیی ماوە کورت لە وڵاتەکەی گوتی : "پرسی ئەرکی سەربازیی ماوە کورت بۆ دەرچوانی پەیمانگاکان (دبلۆم) لە رۆژەڤی حکوومەتدا بوونی نییە".
بەکر بۆزداغ لەبارەی لێدوانەکانی سەرۆکی مەھەپە، دەوڵەت باخچەلی گوتی: "لێدوانەکانی باخچەلی لەبارەی پشتیوانیکردنی لە بەرێز سەرکۆمارمان لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە".
بۆزداغ لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەو کودەتاچیانە کرد کە پەنایان بۆ وڵاتی یۆنان بردووە. لەمبارەیەوە گوتیشی: "جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، چاوەڕوانین ئەوھەشت کودەتاچییەی کە پەنایان بۆ وڵاتی یونان بردووە، رادەست بکرێنەوە".
بۆزداغ لەبارەی دادگایکردنی جێگری پێشووی بەڕێوەبەری گشتی بانکی خەڵک (ھالکبانک) ھاکان ئەتیلا لە وڵاتی ئەمریکا گوتی: "ئەم دۆزە بە ھەماھەنگی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، سی ئای ئەی، ئێف بی ئای و بەشێکی بەرپرسانی دادوەری ئەمریکا، بریتییە لە ھەوڵی سەرخستنی قۆناغی ١٧-٢٥ کانوونی دووەم لە تورکیا بەدەستی دادگاکانی ئەمریکا".
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ لەبارەی دەستگیرکردنی بەکارھێنەرانی ئاپی Bylock لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی : " ئەو کارمەندانە دەگەڕێندرێنەوە سەر کارەکانیان کە تەنیا لەبەر ئەوەی وا نیشاندراوە کە بەکارھێنەری ئاپی (Bylock)ن لە کارەکانیان دورخرابوونەوە ".