Zuhal Demirci,Nazlı Yüzbaşıoğlu,Tuğrul Çam,1 23
28 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2018
ڤیلنیوس/ئه‌نقه‌ره - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-ئه‌مریكا رایگه‌یاند "ئەگەر هاوشێوەی ئەوەی لە فیلمە کاوبۆیەکاندا هەیە بڵێت 'من هەرچییەکم بوێت دەیکەم' ئەوا ئەمە وەڵامی دەبێت".
مەولود چاوش‌ئۆغڵو كه به سه‌ردانێكی فه‌رمی له لیتوانیایه، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، لیناس لێنكهچیڤیهس كۆبووه‌وه، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی سازكرد.
له چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێككه‌وتننامه واژووكرا له‌باره‌ی "هاندان و پاراستنی به‌رامبه‌ری وه‌به‌رهێنانه‌كان" له نێوان حكوومه‌ته‌كانی كۆماری توركیا و كۆماری لیتوانیادا.
له وه‌ڵامی پرسیاریكدا له‌باره‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له توركیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو بەرلە هه‌موو شتێك ئاماژه‌ی به گرنگیی دیالۆگی نێوان هه‌ردوو وڵات كرد و رایگه‌یاند كه خۆی وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ دیپلۆماسی و دیالۆگدایه.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه توركیا زۆر هه‌ڵیداوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان هه‌ردوو ولاتدا هه‌یه و گوتی: "هاتنی ئه‌ندامانی كۆنگرێس بۆ توركیا گرنگه. چونكه له ئه‌مریكادا دامه‌زراوه‌ی جیاواز هه‌ن. پێگه‌ی جیاواز و بۆچوونی جیاواز هه‌ن. ئاڵۆزییه‌كی ته‌واو هه‌یه. ئه‌ندامانی كۆنگریس هه‌ن كه گرنگیی توركیا ده‌زانن و ده‌خوازن په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌مریكا به‌هێزتربێت. به‌دڵنیاییه‌وه گرووپانێكیش هه‌ن كه به هۆی فه‌تۆوه ژه‌هراوی بوون، فه‌تۆ پیسی كردوون".
مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه له په‌یوه‌ندیه‌كاندا دیداره‌كان گرنگن و گوتی: "ئیدی پێویسته زمانی هه‌ڕه‌شه وه‌لا بنرێت بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان. یاخود پێویسته بۆ ئاساییبوونه‌وه مهرجانێك دانه‌نرێت كه قبووڵ ناكرێت".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه توركیا به‌په‌له پێویستی به سیستمی به‌رگری ئاسمانیی هه‌یه و ده‌یه‌وێت ئه‌و سیستمی به‌رگرییه له هاوپه‌یمانانی به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا بكڕێت و گوتی: "به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه پێیان نه‌فرۆشتین یان نه‌یانویست پێمان بفرۆشن. منیش پێویستم پێیه‌تی. له‌به‌رئه‌وه خه‌ریكه له شوێنێك ده‌یكڕم".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه له‌ئێستادا هاوپه‌یمانێك نییه پێویستیه به‌په‌له‌كانی توركیا ده‌سته‌به‌ر بكات و گوتی: "ئایا ئه‌مریكا له‌ئێستادا دڵنیایی ئه‌وه ده‌دات پاتریۆتهكانیمان پێ بفرۆشێت؟ ته‌نانه‌ت F-35كان هه‌موو رۆژێك له هه‌ڕه‌شه‌ی جددیدان. 'نازانم به كۆنگرێسدا تێناپه‌ڕێت، نازانم ئه‌وه نابێت ئه‌وه نابێت' هه‌میشه هه‌وڵی دانانی مه‌رجی وا ده‌ده‌ن، به‌ڵام من پێویسته سیستمی به‌رگری ئاسمانیم بپاریزم. ئه‌وه بۆ ئاسایشم پێویسته. لای هه‌مووان مووشه‌ك هه‌یه. خه‌ریكم سیستمێك ده‌كڕم كه به‌رگری له ولاته‌كه‌م بكات دژ به‌و مووشه‌كانه. لای ئێمه ئه‌مه هه‌ڵبژاردنێك نییه، به‌ڵكو ناچارییه و پێویسته ئه‌وان له‌مه تێبگه‌ن. خۆی هاوبه‌شی ئێف ٣٥هكانین و به‌هاوبه‌شی به‌رهه‌می ده‌هێنن. ژماره‌یه‌ك له پارچه‌كان له توركیا دروست ده‌كرێن. ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌كی فره‌لایه‌نه. ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه كه پێی وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و بیه‌وێت توركیا له‌و پڕۆژه‌یه ده‌رده‌كات. ئەگەر هاوشێوەی ئەوەی لە فیلمە کاوبۆیەکاندا هەیە بڵێت 'من هەرچییەکم بوێت دەیکەم' ئەوا ئەمە وەڵامی دەبێت".
مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه دا كه توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه وه‌ك دوو هاوبه‌شی یه‌كسان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌رده‌وام بن له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به رێگای دیالۆگ و گوتی: "به خۆبهسهرداسهپاندن و گوشارخستنه سه‌ری تاكلایه‌نه كاره‌كان ناچن به‌ڕێوه".
- "توركیا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه، نه‌ك ویلایه‌تێكی ئه‌مریكا"
له وه‌ڵامی پرسیارێكیش له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا توركیا له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا ئاراسته‌كه‌ی به‌ره‌و رووسیایه، چاوش‌ئۆغڵو گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ رووسیا جێگره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان نییه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا یان ئه‌مریكا. سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا هاوسه‌نگی له‌به‌رچاوده‌گرێت".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه توركیا وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا هیچ بڕیارێكی ناتۆی پێشێل نه‌كردووه و گوتی: "له‌مڕۆژانه‌دا ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌ندام له ناتۆ رووداوه‌كانی ئۆكراینا و كریمیایان له‌بیركردووه، به‌ڵام ئێمه له‌بیرمان نه‌كردوون. توركیا دان به پێشێلكردنی سه‌روه‌رێتی كریمیادا نانێت".
مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له كاركردن له‌گه‌ڵ رووسیا له بابه‌ته‌كانی وه‌ك سووریا و گوتی: "ئایا توركیا ئێستا (به‌مه) بڕیاره‌كانی ناتۆ پێشێل ده‌كات؟".
ناوبراو تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بڕیاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ سزاخستنه سه‌ر رووسیا تاكلایهنهن و ئه‌و سزایانه له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا نه‌سه‌پێندراون و گوتیشی: "ئیداره‌یه‌ك (ئیداره‌ی ئه‌مریكا) له هێلسینكی له‌باره‌ی رووسیا شتێك ده‌ڵێت. دواتر كه خه‌ڵكی خۆی و له‌نێو ئیداره‌ی خۆی گوشاری ده‌خرێته سه‌ر رۆژی دواتر شتی دیكه ده‌ڵێت. خۆ توركیا نایه‌ت به‌پێی هه‌ستی ئه‌مریكا هه‌موو رۆژێك دیدگای خۆی بگۆڕێت. ناچار نین به‌شداربین له سزاخستنه سه‌ر وڵاتێك. خۆ به‌ر له بڕیاره‌كه په‌یوه‌ندییان به ئێمه‌وه نه‌كردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران گونجاو و دادپه‌روه‌رانه نه‌بوون بۆیه به‌شداریمان تیادا نه‌كرد، هه‌روه‌ها بریاری تاكلایه‌نه‌ی وڵاتێك بوو. توركیا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه، نه‌ك ویلایه‌تێكی ئه‌مریكا. ناچارنین به‌شداری له بڕیاری نادادپه‌روه‌رانه‌ی وڵاتێك بكه‌ین بۆ سه‌ر وڵاتێكی دیكه. هه‌روه‌ها ئێمه وه‌ك پره‌نسیپ له دژی سزاكانین".