Ayşe Yıldız,Süleyman Elçin,Tahsin Küçükkaraca
09 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
ئانتالیا - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاو (AFAD)، ٤٠٠ کۆنتێنەری نیشتەجێبوونی هێناوە بۆ ئانتالیا و لەوانەیش ٢٠٧ دانەیان دانراون و رایگەیاند ''ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە بەر کاریگەری ئاگرەکە ٥٩ گەڕەکە، ژمارەی بیناکان سێ هەزار و ٢٣١ و ژمارەی بەشی سەربەخۆش شەش هەزار و ٣٥٩ن''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان کە لە سەنتەری هەماهەنگیی سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاو (AFAD) لە شاری ماناڤگات سەربە پارێزگای ئانتالیا پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد کە لەمڕۆوە هێلیکۆپتەرەکان لە ئاسمانەوە چاودێری ناوچەکەیان کردووە و وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە چەند شوێنێک دووکەڵ بەدیکراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە تەواوی ئاگرەکانی دارستان لە ئانتالیا کۆنترۆڵ کراون و تەنانەت کاتێکیش ئاگرەکان بەردەوامبوون لەگەڵ وەزارەتەکان کاریان کردووە بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییان و دڵنیاییدان لەبارەی بژاردنی زیانەکان.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکان، بەردەوامن لەسەر تاوتوێکردنی ئەوەی چۆن هاوکارییەکان بگەن و چۆن زیانەکان ببژێرن، لەگەڵ ئەوەشدا کارەکانی دیارییکردنی زیانەکان بەڕێوەدەچێت.
گوتیشی: ''ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە بەر کاریگەری ئاگرەکە ٥٩ گەڕەکە، تێکڕای ژمارەی بیناکان سێ هەزار و ٢٣١ و ژمارەی بەشی سەربەخۆش شەش هەزار و ٣٥٩ن. وەک وەزیری ژینگە و شارسازییمان پێشتر رایگەیاندبوو، ئەو بینایانەی زیانی زۆریان بەرکەوتووە دەڕووخێندرێن، یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دروست دەکرێت. ئەو بینایانەشی زیانی کەمیان بەرکەوتووە پشتیوانی دەکرێن لە نۆژەنکردنەوەدا. بەدڵنیایییەوە بیناکان سووتاون، رووخاون، دەڕووخێن. هاووڵاتییانمان پێویستیان بە شوێنی مانەوەی کاتییە، لەبەرئەوە ئافاد، ٤٠٠ کۆنتێنەری نیشتەجێبوونی هێناوە بۆ ناوچەکەمان. تا ئێستا ٢٠٧یان دانراون، ئەمڕۆ ٣١ دانەی دیکەیان دادەنرێن''.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد کە هیچ کێشەیەکیان نییە لەبارەی کۆنتێنەرەکان و داوای لە هاووڵاتییان کرد هەر پێویستییەکیان هەیە بیڵێن و گوتی: ''هیچ کێشەیەکمان نییە. بە کۆنتێنەری نیشتەجێبوون پێویستی هاووڵاتییانمان لەو بارەیەوە دابین دەکەین. هاووڵاتییمان هەیە کە خانووەکەی بەتەواوی سووتاوە و کەلوپەلەکانیشی سووتاوە. لە هەزار و ١٣٨ شوێندا زیان بەر کەلوپەل کەوتووە. تێکڕا بەبەهای ٣٤ ملیۆن و ٥٩٦ هەزار لیرە زیان دیاریی کراوە. تا ئێستا هەزار و ٥٢ کەس بڕی ٢٥ ملیۆن و ٧٥٣ هەزار لیرەیان پێدراوە. پارەمان هەیە، لەو بارەیەوە هیچ کێشەیەکمان نییە. هەڵسەنگاندن و پارەدان درێژەی هەیە. هاووڵاتییانمان لەگەڵ دامەزراوەکاندا لە پەیوەندیدان، هیچ کێشەیەک روونادات. ئەوەی دەمێنێتەوە دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان پارەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت''.
هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سوپاسی کرێکارانی دارستان و سەرجەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کرد کە گیانفیدایانە لە هەموو لایەکی وڵاتەوە روویان کردووەتە ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان.