Süleyman Elçin
02 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2017
ئانتاڵیا - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە رۆڵ لەچارەسەرکردنی کێشەی سووریاشدا دەبینن، رایگەیاند: ''بەراورد بە ساڵێک بەر لە ئێستا هەلومەرج لەبارترە، بەڵام دوورین لە ئامانجەکانمان. لەهەوڵداین بۆ چارەسەری سیاسیی و دەستەبەرکردنی ئاگربەست''.
مەولود چاوشئۆغڵو لەمیانی بەرنامەیەکدا کە بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە، پارتەکەی لە شارۆچکەی فینیکە سازیکردبوو، ئاماژەی بەوەکرد تورکیا رووەو بەهێزیی زیاتر هەنگاودەنێت و بەردەوامە لەسەر ئەو رێگەیەی گرتوویەتی.
چاوشئۆغڵو باسی لەوەشکرد وڵاتەکەی ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی تێپەڕاندووە کە دەخرێتە بەردەمی و لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە ناپاکان دەپرسنەوە.
راشیگەیاند: ''مانای گەلێکی بەهێزمان کە گەلی تورکە، لە ١٥ی تەمووزی پارساڵدا نیشانی هەموو جیهاندا. لەبەرامبەردا وڵاتانی جیهان ئەوەیان پێ راگەیاندین کە چەندە بە بەختین لەوەی خاوەنی گەلێکی ئەوەندە گەورەین و نوێنەرایەتییان دەکەین''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوەکردەوە کە لە سەدا ٦٠ی کێشەکانی جیهان لە دەورووبەری ئەواندایە و گوتی: ''قورسترین و ئاڵۆزترین کێشەکان لە دەورووبەری ئێمەدان. جەنگەکان، رێکخراوە تیرۆریستییەکان، جەنگە ناوخۆییەکان، هەرچی بڵێن بوونی هەیە. قەیرانی ئابووری هێشتا بە بەهێزیی لە ئەورووپا بوونی هەیە. وڵاتانی هاوشێوەی یۆنان هێشتا نەیانتوانیوە دۆخی ئابوورییان چاک بکەنەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، سەرەڕای هەوڵی کودەتا، تورکیا بەردەوام لە گەشەسەندندایە. هێشتا سالێک بەسەر هەوڵی کودەتا تێنەپەڕیبوو کە ئەمانەمان ئەنجام دا. ئەمە دەرەنجامی باوەڕ، سووربوون و کۆششە''.
مەولود چاوشئۆغڵو ئاشکرایکرد بەرەنگاریی هەموو جۆرێکی تیرۆر دەبنەوە و هەموویان لە چاڵ دەنێن، راشیگەیاند: ''رۆڵمان دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی سووریادا، بەراورد بە ساڵێک بەر لە ئێستا هەلومەرج لەبارترە، بەڵام دوورین لە ئامانجەکانمان. لەهەوڵداین بۆ چارەسەری سیاسیی و بۆ دەستەبەری ئاگربەست. بۆ عێراقیش لە هەوڵداین. لێپرسراوێتیی ئێمە تەنها ئانتاڵیا و تورکیا نییە. لێپرسراوێتییەکی گەورەمان هەیە. کۆشش دەکەین بۆ ئەوەی بەجێی بگەیەنین و ئەو متمانەیەی بەئێمە هەیە نامانەوێت بە فیرۆ بڕوات. لە ساڵی ١٩٩١یشدا ئەو وڵاتانەی سەربەخۆییان بەدەستهێنابوو، چاوەڕوانییان هەبوو، بەڵام بەداخەوە چاوەڕوانییەکانیانمان بەفیڕۆدا. ئەو شانسەمان نییە کە ئەو جۆرە وڵاتانە نائومێد بکەین. هەربۆیە پێویستە کە بەهێزبین. ئەگەر بەهێزبوون، تەنها مافی خۆتان بەدەست ناهێنن، بەڵکو دەتوانن داکۆکی لە مافی ستەملێکراوانیش بکەن''.
چاوشئۆغڵو تیشكی خستەسەر ئەوەی لەماوەی ١٦ ساڵدا چەندین هێندەی ئەوەیان ئەنجامداوە کە لە ٧٩ ساڵدا کراوە و کارێکیان کردووە کە ناکرێت تەنانەت بە خەیاڵیشدا بێت، ئاماژەی بەوەشکرد متمانە بۆ گەل گەڕاوەتەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە بەردەوام دەبن لەسەر پەرەپێدانی ئەو میراتەی لە باووباپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە.
گوتیشی: ''چۆن لەماوەی ١٦ ساڵدا ٥ بۆ ١٠ هێندەی ئەوەمان کرد کە لە ٧٩ ساڵی پێشووتردا کرابوو، هەر بەوشێوەیەش تورکیا دەگەیەنینە ئامانجەکانی ساڵی ٢٠٢٣. ساڵی ٢٠٢٣ سەدەیەک بەسەر دامەزراندنی کۆماری تورکیادا تێدەپەڕێت. کۆمار دەستەواژەی بەتاڵ و دروشم نییە. بەڵکو پێویستە کۆماری تورکیا کە سەد ساڵ پردەکاتەوە بەهێز بێت''.