Bestami Bodruk
09 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2021
دیاربەکر - AA
فێستڤاڵی نیشتمانیی چاودێرییکردنی ئاسمان کە گشتگیرترین چالاکی کراوەی ئەستێرەناسی تورکیایە و لەلایەن خانەی چاودێرییکردنی نیشتمانیی تورکیا (TUG)ەوە ٢٢ ساڵە لە ئانتالیا ساکڵیکەنت سازدەکرێت، ئەمساڵ لە قەڵای زەرزەڤان لە پارێزگای دیاربەکر کە مێژوویەکی سێ هەزار ساڵی هەیە، ساز دەکرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای دیاربەکر، فێستڤاڵی نیشتمانیی چاودێرییکردنی ئاسمان بە پشتیوانی وەزارەتی پیشەسازیی و تەکنەلۆجیا، وەزارەتی وەرزش و لاوان، دامەزراوەی توێژینەوەی زانستیی و تەکنەلۆجیا، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی تورکیا، پارێزگای دیاربەکر و گەورەشارەوانی دیاربکر و ئاژانسی گەشەپێدانی کاراجاداغ بەڕێوەدەچێت.
فێستڤاڵەکە لە رۆژانی ٣١ی ئاب تا دووی ئەیلوولی ٢٠٢١، لەژێر ناوی ''فێستڤاڵی نێودەوڵەتیی دیاربەکر زەرزەڤان ٢٠٢١ بۆ چاودێرییکردنی ئاسمان'' لە قەڵای زەرزەڤان کە لەلایەن یونیسکۆوە خراوەتە نێو لیستی پاراستنی میراسی جیهانییەوە و یەکێکە لەو ١٠ شوێنەی تورکیا کە باشترینن بۆ چاودێرییکردنی ئاسمان، رێکدەخرێت.
فێستڤاڵەکە بوار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت کە لەگەڵ پسپۆڕاندا لە بارەی ئاسمان لێکۆڵینەوە بکەن، زانیاری دەستبخەن سەبارەت بەو کارانەی هەزاران ساڵ پێش ئێستا لەسەر ئەستێرەناسی لە پەرستگای میتراس ئەنجامدراون و دوو شەو لەناو خیوەتگای ناوچەکە بمێننەوە.
لە چوارچێوەی فێستڤاڵەکەدا کە هەزاران کەس لە ئەستێرەناس و شەیدایانی بوارەکە لە هەموو لایەکی تورکیاوە بەشداری تیادا دەکەن سیمینار، کێبڕکێ، چالاکی و وۆرکشۆپ لەبارەی زانستیی ئاسمان پێشکەش دەکرێت.
ئامانج ئەوەیە کە لە رێگەی ئەو چالاکیانەی بە دیدی بەرنامەی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمان رێکدەخرێن گرنگی پێدانی گەنجان بۆ زانستی بۆشایی ئاسمان، زیاد بکرێت.
