Abdullah Shukur
14 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2018
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ - ئون رایگەیاند کە ئەو کۆبوونەوەیە دووبارە ھیوای چارەسەرکردنی کێشەکانی بە رێگەی ئاشتیانە و دیپلۆماتیکی زیندوو کردووەتەوە.
پوتین لەگەڵ سەرۆکی کۆنسەی باڵای ئەنجوومەنی گەلی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-نام لە شاری مۆسکۆ کۆبووەوە، کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی جامی جیھانی فیفای ٢٠١٨ سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.
ڤلادیمیر پوتین لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ - ئون لە سینگاپوور کرد.
پوتین راشیگەیاند کە بە کۆبوونەوەی ھەردوو سەرۆکەکە خۆشحاڵە و لەمبارەیەوە گوتیشی: "زۆر رێز لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا ، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ - ئون دەگرم".
سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "ئەو کۆبوونەوەیە دووبارە ھیوای چارەسەرکردنی کێشەکانی بە رێگەی ئاشتیانە و دیپلۆماتیکی زیندوو کردووەتەوە".
ھاوکات پوتین دووبارە داواکەی خۆی لەمەڕ داوەتکردنی سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی دووپاتکردەوە.