Rewa Mahmut Hasan
07 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2016
واشنتۆن - AA
یاریدەدەری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بەن رۆدس ئاشکرایکرد پێیان وانیە درووستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە باکووری سووریا چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان بکات.
بەن رۆدس لەمیانەی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما بۆ لاوس، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە .
لەبارەی داوایەکی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ درووستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین لە باکووری سووریا و هەڵوێستی ئەمریکا، رۆدس ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات دا و خۆشحاڵیی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر بە پاککردنەوەی سنوورەکانی تورکیا لە تیرۆریستانی داعش. هاوکات باسی لەوەکرد ماوەیەکی دوورو درێژە لەگەڵ ئەنقەرە سەرقاڵی ئەو پرسەن و گوتی:
''بەهاوکاریی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە، هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیان منبج پاکبکەنەوە، منبج خاڵێکی گرنگی تێپەڕینی داعش بوو بۆ تورکیا. ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە جەرابلوس و ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی سنوور، کارێکی باشبوون بۆ دابڕینی سنوورەکان . چونکە لەو خاڵانەوە، چەکدارانی بیانی دەهاتنە سووریا. هێزەکانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆن بەهاوکاریی لۆجیستی و هێرشە ئاسمانیەکانی ئێمە، ئەگەر توانیمان ئەو ناوچەیەی سنووری دابخەین، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورەمان بەرامبەر داعش بەدەست هێناوە. بەڵام لەبارەی درووستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە باکووری سووریا، بیروڕامان نەگۆڕاوە''.
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا رۆدس ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا سەرچاوە سەربازییەکانی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و بەرەی نوسرا بەکاردەهێنێت و گوتی:
"ئێمە لەو بڕوایەدانین کە درووستکردنی ناوچەیەکی دژەفڕین، کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات، چونکە هێشتا شەڕ بەردەوامە. ناوچەی دژەفڕین تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو دەگرێتەوە. بەڵام توندوتیژیی لە تەواوی ئەو وڵاتەدا هەیە''.