Kasım İleri,Ramal Abdullah Mahmood
12 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن – AA
وەزیری بەرگری ئەمریکا جیمس ماتیس رایگەیاند کە کێشەی ڤیزە لەنێوان تورکیا و ئەمریکا کاریگەری ناکاتە سەر پەیوەندییە سەربازییەکان و بەردەوام دەبن لە کارکردنی نزیک لەگەڵ تورکیا.
ماتیس لە کاتێکدا بەرەو ویلایەتی فلۆریدا بەڕێ دەکەوت، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە کێشەی پێدانی ڤیزە لە نێوان تورکیا و ئەمریکا کاریگەری دەکات سەر پەیوەندییە سەربازییەکان، ماتیس گوتی: "١٠ ساڵە تورکیا لە ناتۆ هاوپەیمانمانە و تورکیا تاکە ئەندامێکی ناتۆیە کە پێکدادانی بەرچاو لەنێو سنوورەکەیدا هەبێت. بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان و هەماهەنگی نزیکمان. لەبەرئەمە کاریگەری نەکردۆتە سەر هەماهەنگی و پەیوەندییە سەربازییەکانمان. بنکەی ئینجەرلیک بە تەواوی کراوەیە. کەناڵەکانی پەیوەندیمان کراوەن. بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکان لە باکووری عێراق، باکووری سووریا و بەشی باشووری وڵاتی تورکیا هێزە ئاسمانییەکانمان لەگەڵ یەکتر قسە دەکەن".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەیش کە کێشەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان ئایا کاریگەری دەکاتە سەر ئۆپەراسیۆنەکان، ماتیس ئاماژەی بەوە دا کە ناتوانێت جەخت لەوە بکاتەوە کە کاریگەری نابێت، بەڵام کێشە دیپلۆماتییەکانی پێشوو کاریگەری نەکردبووە سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، گوتیشی: "کاتێک هەندێک کێشە روودەدەن دەبیستم کە پەیوەندییە سەربازییەکان تێکدەچن، بەڵام پێشتر ئەوە نەبووە. (تورکیا) هاوبەشێکی ناتۆیە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی هاوبەشمان زۆر کار دەکەین. لە رووی سەربازییەوە زۆر بە باشی کار دەکەین".