Abdullah Shukur
26 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2016
ئەنقەرە
گوتەبێژ و جێگری سكرتێری گشتیی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ئیبراھیم كاڵن، رایگەیاند: "پێویستە موسوڵمانان و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ لەناوبردنی داعش، ئەلقاعیدە و رێكخراوەكانی دیكەی تیرۆریستی لە فەڕەنسا، سووریا،عێراق، سۆماڵ و بەلجیكا بەیەكەوە كاربكەن".
كاڵن وتارێكی بۆ رۆژنامەی دەیلی سەباح لە ژێر ناونیشانی "لێدوانی دژ بە موسوڵمانان تەنھا خزمەت بە داعش دەكات" نووسیووە و تیایدا باسی لە ھێرشە تیرۆریستییەكانی ئەنقەرە، ئیستانبوڵ و برۆكسلی كردووە.
كاڵن لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە ھێرشەكەی شاری برۆكسل پێویستە وانەی گرنگ وەربگیرێت و چاو بە ستراتیجیەتی دژی داعش بخشێنرێتەوە. كاڵن لە وتارەكەیدا نووسیویەتی: " پێویستە موسوڵمانان و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ لەناوبردنی داعش، ئەلقاعیدە و رێكخراوەكانی دیكەی تیرۆریستی لە فەڕەنسا، سووریا، عێراق، سۆماڵ و بەلجیكا بەیەکەوە كاربكەن".
كاڵن جەختی لەوە كردەوەتەوە كە بە ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی بۆسەر داعش لە سووریا و عێراق ناتوانرێت رێگری بكرێت لە ئەنجامدانی ھێرشی تیرۆریستی لە وڵاتانی عێراق، سووریا، توركیا، ئەمریكا، و وڵاتانی كیشوەری ئەورووپا.
كاڵن لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە پێویستە بە زووترین كات شەڕی سووریا كۆتایی پێبھێنرێت چونكە رێكخراوی تیرۆریستی داعش سوودێكی زۆر لە كێشەی ئاسایشی عێراق و شەڕی ناوخۆی سووریا وەردەگرێت.
كاڵن ئەوەشی خستووەتە روو كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو، توركیا بە گومانی پەیوەندی تیرۆر زیاتر لە سێ ھەزار كەسی دیپۆرت كردووەتەوە و ھاتنی ٣٧ ھەزار كەسیشی بۆ ناو توركیا قەدەغە كردووە.