Hanife Sevinç,Kaan Bozdoğan
18 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە رێوشوێنەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەخۆوە نەگیراونەتەبەر و، رایگەیاند: ''ئەوانە شتانێک نین بە کەیفی خۆمان ئەنجامیان بدەین. تەنیا بە هۆی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلەکەمان دەیانکەین. لەبەرئەوەیە گەلەکەمان لەو رووەوە دووچاری هیچ کێشەیەک نەبێتەوە''
دوای ئەنجامدانی نوێژی هەیینی لە مزگەوتی حەزرەتی عەلی، ئەردۆغان بۆ رۆژنامەنووسان دووا و، وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لەوەتەی ئەو دۆخە دروست بووە بە بەردەوامی رێنمایی، هۆشداری و ئاگاداریان بڵاوکردووەتەوە و، رایگەیاند: ''بەڵام بەداخەوە گەلەکەمان بە واتایەکی جددی سەرنیی لە هۆشداریەکانمان نەدا''.
گوتیشی: ''ناچارین دووبارە رێکاریەکان توند بکەینەوە''.
سەبارەت بە پێکوتەی کۆرۆنا، ئەردۆغان رایگەیاند "پێشبینی دەکەین دوای سەری ساڵ چەند هەواڵێکی ئەرێنیمان پێبگات".
هەروەها لە بارەی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان گوتى: ''بە کەیفی خۆمان ئەوانە ناکەین. تەنیا بە هۆی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلەکەمان دەیانکەین''
هاوکات سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لەبارەی پێشهاتەکانی لیبیا رایگەیاند: ''ئەوە دەبینین کە حەفتەری کودەتاچی لە کۆتاییدا لەو کارەدا شکست دەهێنێت''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، ئەردۆغان گوتى: "هیچ کێشەیەکمان نییە لە بارەی کۆبوونەوە لەگەڵ میتسۆتاکیس، ئەوە گرنگە کە لەبارەی چییەوە کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەسەر چی دەکەین".
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر میسر ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئەنجامدانی دیدارە هەواڵگرییەکان لە گەڵ میسر جیاوازە، ئەنجامیان دەدەین. لە هیچ روویەکەوە رێگرییان نییە، بەڵام ئەو رێککەوتنە نیگەرانی کردووین کە لەگەڵ یۆنان ئەنجامیداوە''.