ساکاریا
ئایهان سەفەر ئوستون، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند ئەو یاسایەی کە موستەفا باڵبای پەرلەمانتاری جەهەپەی پێ ئازادکرا، پێویستە بە هەمان یاسا پەرلەمانتارانی بەدەپەیشی پێ ئازاد بکرێن.
ئێستا پێنج پەرلەمانتاری بەدەپە لەسەر پرسی کەجەکە لە زینداندەکانی تورکیادان.
ئایهان لەو بارەیەوەگوتی: "کاتێ مستەفا باڵبای کە بە ٣٤.٥ ساڵ زیندانی سزا درابوو ئازادکرا، زۆرمان پێ خۆشبوو، بەڵام کاتێ پەرلەمانتارانی بەدەپە هێشتا سزا نەدراون و هەر لە زیندانن نیگەرانین. بۆیە دەبێ ئەوانیش ئازاد بکرێن. ئەمە پێویستی بە بڕیاری دادگای دەستووری نەبوو. دەبوو پەرلەمانتارانی بەدەپەش ئازاد بکرانایە."
ئوستون لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، داوایکرد دادگای دەستووری تورکیا پەلە بکا لە لێکۆڵینەوەی دۆسێی ئەو پەرلەمانتارانە و هەرچی زووترە ئەو بنەما گشتیانەی بەسەر باڵبایدا جێبەجێی کردووە،هەمان شت بەسەر پەرلەمانتارانی بەند کراودا جێبەجێ بکا بێ ئەوەی کات بە فیرۆ بدات.
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: بۆ متمانە بە دەستهێنانی ئەو یاسایانە، پێویستە وەکو یەک بەسەر گشت لایەکدا جێبەجێ بکرێ. لەو بارەیەوە گوتی: "پشتیوان بە خوا، بڕیاری ئازادکردنی ئەو پێنج پەرلەمانتارەی بەدەپەیش دەردەچێ تاکو ئەوانیش بگەن بە ماف و ئازادیی خۆیان. ئەوانیش بێنە ناو پەرلەمان و سوێندی یاسایی بخۆن."