سلێمانی
ئەو ھێرش و پەلامارانەی سوپای عێراق لە پارێزگای ئەنبار، کاردانەوە و نیگەرانی لای لایەنە سوننییەکان دروستکردووەو ٤٤ پەرلەمانتار نامەی دەست لەکارکێشانەوەیان دایە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی لیستە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق باس لەھۆکاری قەیرانەکان و کاریگەریی کشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لەدانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەن.
عوزێر حافز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێ، دەوڵەتی یاساو خودی نوری مالکی سەرۆکوەزیران، فێری دروستکردنی قەیرانن بەتایبەتی لەسەروبەندی ھەڵبژاردنەکاندا.
عوزێر حافز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو کورد پێویستە لەم قەیرانە ھەستیارەی عێراقدا ھەڵوێستمان ھەبێ، بە پێچەوانەوە دەکەوینە ھەڵەیەکی سیاسی مێژوییەوە، لەکاتێکدا ئەو ھێرشەی ئەمڕۆ بۆسەر پارێزگای ئەنبار ئەنجام دەدرێ پێشتر بۆسەر ئێمە وەکو کورد ئەنجامدراوە. داوا لە ھێزو لایەنە کوردییەکان و پەرلەمانتارانی کورد دەکەم کۆبونەوەیەکی بە پەلە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکەو ڕاگەیاندنی ھەڵوێستی ڕەسمیی کورد لەو بارەیەوە."
عوزێر حافز باس لەوە دەکا ھێرشەکانی مالکی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و مانەوەیەتی لەسەر دەسەڵات، کشانەوەی ٤٤ پەرلەمانتاریش بەڵگەیە لە سەر سەرنەکەوتنی سەرۆکوەزیران و خراپی دۆخی ئێستای عێراق.
پەرلەمانتارێکی دیکەی عێراق لە لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان دەڵێ، حکومەتی عێراق لە سەرەتای دروست بونییەوە بەکۆمەڵێک قەیراندا تێپەڕیوەو دوای چوار ساڵ لەدامەزراندنی، تائێستا چەندین پۆستی بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێن.
لانە محەمەد، پەرلەمانتاری لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرەتای قەیران و ئاڵۆزییەکان بۆ ساڵانی پێشتر دەگەڕێتەوە، ناڕەزایەتییەکانیش تەنیا ئەو پارێزگایە نییە و پێشتر لەناوچەکانی خواروی عێراقش دەنگی ناڕەزاییان لێ بەرز بوبویەوە. ئەگەر دۆخەکە لەماوەیەکی دیاری کراودا چارەسەر نەکرێ و بەو شێوەیە بمێنێتەوە، دۆخێکی ئاڵۆزتر لەعێراق دروست دەبێ کە بەشێکیشی بەر کورد دەکەوێ، بۆیە پێویستە لایەنەکان پەنا بۆ دیالۆگ ببەن و ھەمووان بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا."
سامان فەوزی، پەرلەمانتاری لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵ پەرلەمانتارانە دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدور نازانن کەبڕیارە لەمانگی نیشانی داھاتوو ئەنجام بدرێ ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێ.