Ali Kemal Atik
02 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2021
ئارتڤین - AA
پارێزگای ئارتڤین کە بەهۆی چیا، کوێستان و گۆمە رەشەکانیەوە بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆی و دەرەکی، لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە سەردانکەران.
شارۆچکەی شاڤشات لە ئارتڤین کە نازناوی ''شاری هێمن''ی وەرگرتووە و پارکی سروشتیی قەرەگۆل لە شارۆچکەکەدا کە بەهۆی جوانی سروشتییەوە ناوبانگی دەرکردووە لە قۆناغی ئاساییبوونەوەدا، چاوەڕوانی سەردانکەران دەکات.
قەرەگۆل کە دەکەوێتە ناو پارکی نیشتمانیی ساهرا کە ٢٥ کیلۆمەتر لە شاڤشات-ەوە دوورە، بەهۆی جوانی سروشتەکەیەوە چوار وەرزەی ساڵ بووەتە جێی سەرنج.
شارۆچکەکە کە لە ئەنجوومەنی گشتیی ٢٠١٥ی سیتاسلۆو کە لە ٢١-٢٣ی حوزەیراندا لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو نازناوی شاری هێمنی وەرگرت لە پێشەنگی ئەو شوێنانەدایە کە خەڵکی سەردانی دەکەن بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ سروشتدا و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دوورکەوتنەوە لە گوشار و قەرەباڵغی ناو شار.
قەرەگۆل لە پاڵ ئەوەی شوێنێکە رۆژانە سەردان دەکرێت بۆ گەڕان، هاوکات دەشتوانرێت کەمپی تیادا رێکبخرێت و بەهۆی ئاووهەوا خاوێنەکەیەوە سەردانکەرانی دڵخۆش دەکات و دیمەنی بێ هاوتاشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی شەیدای گرتنی وێنەی فۆتۆگرافین.