سەرکۆمار ئەردۆغان: "هەنگاو بە هەنگاو تورکیای نوێ و بەهێز بنیات دەنێین"
سەرکۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان: "ئەو جەنگ و شه‌ڕ و پێکدادانانەی لەم ماوه‌یه‌دا لە دەوروبەری نزیکماندا ڕوویاندا، بەتایبەت له لوبنان، غەززە و ئێران جارێکی دیکە گرنگیی ئاسایشی سایبەری نیشان دا".
Ankara
ئه‌نقه‌ره - AA
سەرکۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان ڕایگه‌یاند: "ئەو جەنگ و شه‌ڕ و پێکدادانانەی لەم ماوه‌یه‌دا لە دەوروبەری نزیکماندا ڕوویاندا، بەتایبەت له لوبنان، غەززە و ئێران جارێکی دیکە گرنگیی ئاسایشی سایبەری نیشان دا".
له میانی به‌شداری كردنی لە بەرنامەی "تورکیای بەهێز لە پەیوەندیکردن له‌گه‌ڵ 5G"دا، سەرکۆمار ئەردۆغان، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
له گوتاره‌كه‌یدا سەرکۆمار ئەردۆغان دەستخۆشی لە هەموو دامەزراوە و ئەندازیارە به‌شداربووه‌كانی پرۆژەی 5G كرد، کە دەبێتە هۆی زیاد کردنی هێزی کێبڕکێ و سەربەخۆیی دیجیتاڵی تورکیا.
سهركۆمار ئه‌ردۆغان باسی له گرنگیی په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیای سایبه‌ر كرد و، ڕایگه‌یاند: "ئەگەر دەتانەوێت بەهێز و چاوترسێنه‌ر و لە جیهاندا خاوەن گوته و كاریگه‌ریی و سه‌نگ بن، پێویسته کارەکانتان لە بواری بۆشاییی سایبەردا خێرا بکەن و ڕێوشوێنه‌کانی ئاسایشی سایبەر بگرنەبەر و په‌ره به ته‌كنه‌لۆجیای سایبه‌ر بده‌ن".
گوتیشی: "ئەو جەنگ و شه‌ڕ و پێکدادانانەی لەم ماوه‌یه‌دا لە دەوروبەری نزیکماندا ڕوویاندا، بەتایبەت له لوبنان، غەززە و ئێران جارێکی دیکە گرنگیی ئاسایشی سایبەری نیشان دا".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه لەم سەردەمی داتایەدا کە تیایداین، سەقامگیریی سیاسیی، سەربەخۆیی ئابووریی، توانای سەربازیی و سەروەریی دیجیتاڵی لە یه‌ك دانه‌بڕاون و، گوتی: "ئەگەر بە هێنده‌ی کۆنترۆڵی سنوورەکانتان نەتوانن کایەی ئاسمانیتان کۆنترۆڵ بکەن، به هێنده‌ی پاراستنی كایه‌ی ئاسمانیتان نیشتمانی سایبەری و داتاکانتان كه به‌شێكی دانه‌بڕاوی ئه‌ون بپارێزن، ئەوا لاوازییەکی جددی لە سەروەریتاندا هەیە".
ڕاشیگه‌یاند: "لە قۆناغی داهاتوودا ورده ورده ڕێکاری زیادە له بواری بەهێزکردنی ئاسایشی ئەو داتایانەی سەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەتن دەخەینە كار".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەن و، ڕایگه‌یاند: "دەزگای ئاسایش و هەواڵگریمان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەن و، بە سەرکەوتوویی پلانەکانی ڕێکاریی و بەرپەرچدانەوە جێبەجێ دەکەن".
گوتیشی: "ئێمە ئاسایشی سایبەری تەنیا وەک كاردانه‌وه‌یه‌ك كه بەرامبەر هەڕەشەکان نیشان دەدرێت نابینین، بەڵکو وەک بەشێکی دانەبڕاوی ئاسایشی نەتەوەییمان ده‌بینین".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی له‌وه كرد كه هەنگاو بە هەنگاو تورکیای نوێ و بەهێز بنیات دەنێن و گوتی: "بە ڕووخاندنی ئەو بەربەستانەی خراونەتە بەردەممان، لە هەموو بوارەکاندا بە گوڕوتینێکی زۆرەوە دێین، دەبینە داستان و هەنگاو بە هەنگاو تورکیای نوێ و بەهێز بنیات دەنێین".
سه‌باره‌ت به خستنه‌كاری 5G له توركیادا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگه‌یاند: "ئەو 5Gیەی سەرەتا لە ناوەندی ٨١ پارێزگاماندا دەیخەینەكار، لە ماوەی دوو ساڵدا لە هەموو بستێکی وڵاتەکەماندا دەیخەینە بواری خزمەتەوە".
گوتیشی: "پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێوە کە تیایدا هەستەوەرە ژیره‌کان، سیستمە ڕۆبۆتییەکان و هێڵەکانی بەرهەمهێنان بە داتاکانی کاتی ڕاستەقینە بەڕێوە دەبرێن و بەرهەمداری دەگاتە لووتکە".
