سهركۆمار ئهردۆغان: "دووبارە گەڕانەوەی توركیا بۆ بهرنامهی F-35 بابەتێکی گرنگ و پێویستە"
سهركۆماری توركیا، ڕهجهب تهیب ئهردۆغان: "وەرگرتنی ئەو فڕۆکە F-35ـانەی دهمێكه تورکیا پارەکەی داوە و دووبارە گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ناو بهرنامهكه، بابەتێکی گرنگ و پێویستە".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای کرد تورکیا دووبارە بخرێتەوە ناو بهرنامهی فڕۆکەی F-35 و، ئاماژهی بهوه كرد ئەم هەنگاوە هاوكار دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا و، بەهێزکردنی ئاسایشی ناتۆ.
سەرکۆمار ئەردۆغان، بە نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی دەزگای میدیایی "بلۆمبێرگ"ی سەبارەت بە بابەتەکانی ڕۆژەڤ دایەوە.
به ئاماژەكردن به كۆبوونهوهكهی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لهگهڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، سهركۆمار ئهردۆغان بڕیاری دوورخستنەوەی تورکیای لە بهرنامهی F-35 بەهۆی کڕینی کەرەستەی سەربازی لە ڕووسیا بە "ناڕەوا" ناوزهند کرد و ڕایگەیاند کە ئەم بابەتەی بە خودی ترەمپ گەیاندووە.
سهركۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە بە دووبارە بوونەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا، دەرفەتێک هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لەسەر بنەمایەکی ژیرانەتر و بنیاتنەرانەتر بەرەو پێش بچن.
سەبارەت بە پرسی F-35، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وەرگرتنی ئەو فڕۆکە F-٣٥ـانەی دەمێکە تورکیا پارەکەی داوە و دووبارە گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ناو بەرنامەکە، بابەتێکی گرنگ و پێویستە. ئەمەش بۆ بوونی پەیوەندیی باشتر لەگەڵ ئەمریکا و بۆ بەرگریی ناتۆیە".
له بارهی ئەگەری کڕینی فڕۆکەی F-16 Block، سهركۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد تورکیا چاوەڕوان دەکات مەرجەکان لەگەڵ ڕوحی هاوپەیمانیی ناتۆدا بگونجێن، هەروەها کڕینی فڕۆکەی یۆرۆفایتهر تایفونی به نموونە هێنایەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی سزای تاوانکاری کە لە ئەمریکا لە دژی هاڵك بانک کراوەتەوە، سهركۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد تورکیا ئەم بانگهشهیه بە هەڵە دەزانێت، باسی لهوه كرد كه بۆ ئەوەی بانکەکە ڕووبەڕووی سزای ناڕەوا نەبێتەوە لە گفتوگۆدان و، ئومێدهوارن بە شێوەیەکی تەواو گونجاو لەگەڵ یاساکاندا، بگەنە ئەنجامێکی دادپەروەرانە.
دهربارهی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە بواری وزەدا، سهركۆمار ئەردۆغان ڕایگهیاند: "بەتایبەت لە ئەمریکاوە، دابینکردنی غازی سروشتیی شلمان (LNG) بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. ئەمەیش پێگەیەکی گرنگی بە تورکیا بەخشیوە لە زنجیرەی دابینکردنی وزەدا".
سهركۆمار ئەردۆغان جەختی لەسهر ئهوە کردەوە کە هەڵوێستی تورکیا زۆر ڕوونە و، گوتی: "بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان و ئاسایشی وزەمان كار دهكهین".
ههروهها سهركۆمار ئەردۆغان جەختی لەسهر ئهوە کردەوە کە بەهۆی ئەوەی تورکیا توانیویەتی لە دەرەوەی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا بمێنێتەوە، هێشتا ڕۆڵی خۆی وەک میواندارێک بۆ ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتیی لە داهاتوودا دەپارێزێت، ئەنقەرە لە هەمان کاتدا دەتوانێت پشتیوانی چاودێری کردنی هەر ئاگربەستێک بکات.
سهبارهت به هێزی نێودەوڵەتیی سەقامگیریی لە غەززە، سهركۆمار ئهردۆغان ڕایگهیاند: "بەهۆی ئەو پەیوەندییە مێژووییە قووڵانەی لەگەڵ لایەنی فەڵەستینیدا هەمانە، ئەو کەناڵە ئەمنیی و دیپلۆماسییانەی لە ڕابردوودا لەگەڵ ئیسرائیل کارمان پێکردوون و کاریگەرییە ناوچەییەکانمان وەک ئەندامێکی ناتۆ، بۆ ئەرکێکی لەم شێوەیە لە پێگەی وڵاتێکی سەرەکیی داین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
