سەرکۆمار ئەردۆغان: "هەرگیز سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ لە ناوچەکەماندا ناخوازین''
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "هەرگیز سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ لە ناوچەکەماندا ناخوازین، کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی ناسەقامگیریی و شەڕ و پێکدادان بووەتەوە".

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هەرگیز سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ لە ناوچەکەماندا ناخوازین، کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی ناسەقامگیریی و شەڕ و پێکدادان بووەتەوە".
لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچوون و بەخشینی خەڵاتی سەربازیی خولی کۆماندۆ کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمارەوە لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆوە بەشداری کرد، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد،
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو دیو سنووری سوپای وڵاتەکەی کرد و، ڕایگەیاند: "بەو ئۆپەراسیۆنانەی لەودیوى سنوور لە باکووری سووریا و عێراق ئەنجاممانداوە گەیشتووینەتە وشککردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیدا. ئێستا ئەمە دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی جیاواز. وەک هاوپەیمان و دەسەڵات برایەتیمان بەهێزدەکەین و هەنگاو دەنێین بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر. هەتا بەدەستهێنانی ئەنجام هەمان ئیرادە دەپارێزین".
گوتیشی: "هەرگیز سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ لە ناوچەکەماندا ناخوازین، کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی ناسەقامگیریی و شەڕ و پێکدادان بووەتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر هەوڵەکان کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و، ڕایگەیاند: "دەخوازین کۆمەڵکوژی لە غەززە کۆتاییبێت، سووریا بە ژینگەی ئارام بگات کە ١٤ ساڵە تامەزرۆیەتی، جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە کۆتایی پێبێت، وەک کەسانێک هەر قسە ناکەین، بەڵکو لەبەئەوەی لەدڵەوە باوەڕی تەواومان بە ئاشتیی هەیە بۆیە لە هەموو دەرفەتێکدا دووپاتی دەکەینەوە".
گوتیشی: "پێدەچێت لە قۆناغی داهاتووماندا ئەو شەڕانەی لەسەر نەوت و سووتەمەنی کاربۆن هەبوون لەسەر ئاو بکرێت. چونکە ئاو ستراتیجیترین و بەهادارترین سەرچاوەی سەدەیە".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گرنگی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو کرد ،و ڕایگەیاند: "پاراستن و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاومان بە شێوەیەکی بەسوود و دروست بەڕێوەبردنی پێش ئەوەی کۆتاییان بێت، بۆ وڵاتەکەمان بژاردەیەک نییە، بەڵکو پرسێکی ئاسایشی نیشتمانییە".
ڕاشیگەیاند: "تورکیا وڵاتێکی دەوڵەمەند نییە بە ئاو، بەڵکو وڵاتێکین بەدەست گوشاری ئاوەوە دەناڵێنین. ئەگەر ڕێوشوێن نەگرینەبەر و هەنگاو نەنێین، ڕەنگە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر گەورەتر ببینەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وڵاتەکەی گرت و، رایگەیاند: "لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەڕۆژەڤی ساختە کە خۆی هۆکاری سەرهەڵدانێتی کات بەسەر دەبات، ئێمە هەروەک ئەمڕۆ بە بەرهەم و وەبەرهێنانی گەورە بەردەوامین لە گەشەی وڵاتەکەمان".
گوتیشی: "لەلایەک دەسەڵاتێک هەیە کە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی جیهانیی تورکیا دەدات، لەلایەکی دیکەوە پێکهاتەیەک هەیە لە زۆنگاوی گەندەڵیی و دزیی و ساختەکارییدا پەلەقاژێیەتی".