سەرکۆمار ئەردۆغان: "هەر کردەوەیەک کە پێشێلی یاسای نێودەڵەتی بکات، لامان پەسەندکراو نییە"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "بە درێژەپێدانی پێداگرانە بۆ تورکیای بێ تیرۆر کە ٤٠ ساڵە وزە و سەرچاوەکانی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، هەتا ڕیشەکێش کردنی بەردەوام دەبین".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، هەتا ڕیشەکێشکردنی تیرۆر کە ٤٠ ساڵە وزە و سەرچاوەکانی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە بەردەوام دەبن و گوتیشی، "تورکیا لەسەر ئاستی جیهان لەسەرووی هەموو ئەو وڵاتانەدایە کە بەرگریی لە دادپەروەری، ڕەوایەتی و یاسای نێودەوڵەتی دەکات".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کابینەی سەرکۆماریی، ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لەسەرەتای قسەکانیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "هەر ڕوانگەیەکی سیاسیمان هەبێ، هەموومان خۆشەویستیمان بۆ ئەو نیشتمانە هەیە کە بە خوێنی شەهیدەکانمان ئاو دراوە. ٨٦ ملیۆن خوشک و براین هەتا هەتایە، یەکسانین. کاتێک باسی تورکیا، ئارامی، ئاسایش و مانەوەی تورکیا دێت، هەموو جیاوازییەکانمان بەلاوە دەنێین و زیاتر یارمەتیدەری یەکتر و یەکگرتوو دەبین. دەیانەوێ بە تەڵەی جۆراوجۆرەوە ناوچەکە گۆماوی خوێن بکەن و ئێمەش لە بازنەکە دەربخەن. ئێمە بەو یارییانە فریو نادرێین".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "هەر کەسێک بە هەر بیانوویەک بیهەوێ، یەکگرتووییمان بکاتە ئامانج، ئەوە بە واتای خزمەتکردن بە دووژمنانی تورکیا دێت. هەر کەسێک بەها نیشتمانییەکانمان بە ئامانج بگرێت و هەوڵی لاوازکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان بدات، دۆستی تورکیا نییە و دووژمنی سوێندخواردوویەتی".
سەرکۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند : "بەڵای تیرۆر، زنجیرێکە کە ئیمپریالیست قاچی تورکیای پێ بەستووەتەوە. لە داعش'ەوە هەتا فەتۆ و لە DHKP-C هەتا پەکەکە، هەموو داردەستی بەکارهاتووی ناڕەوای ئەوان بوون".
لەبارەی قۆناغی تورکیای بێ تیرۆریشەوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "ئەوە دەرفەتەی کە بەڕووی وڵاتەکەمان کراوەتەوە، بە تەواوی ئاوەڵای دەکات، ڕێگە نادەین بە لاڕێدا بچێت. بەرەی ناوخۆیی خۆمان بەهێز دەکەین و بەرامبەر ئەوانەی کە بە دوای دەرفەتێکدان بۆ دەرزخستنە نێوانمان، هۆشیار دەبین. بە درێژەپێدانی پێداگرانە بۆ تورکیای بێ تیرۆر کە ٤٠ ساڵە وزە و سەرچاوەکانی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، هەتا ڕیشەکێش کردنی بەردەوام دەبین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "تورکیا لەهەموو بوارێکدا کە جیهان بەسەرنجدان، سەرسووڕمان و هەندێکجار بە ئێرەییەوە سەیری دەکەن، هەنگاوی پێشکەوتووانەی ناوە. کەس ناتوانێ بەربەستمان بۆ دروست بکات. تورکیا لەسەر ئاستی جیهان لەسەرووی هەموو ئەو وڵاتانەدایە کە بەرگریی لە دادپەروەری، ڕەوایەتی و یاسای نێودەوڵەتی دەکات. لە غەززەوە هەتا سووریا، لە هەر شوێنێک کە بێدادی، نایاسایی و ستەم هەبێ بە ڕوون و ئاشکرا دەنگمان هەڵبڕیوە. لە بنەماکانمان پاشەکشە ناکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەشی لە سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئوزەل گرت و گوتی: "هاوشێوەی سیاسەتکردنی لە ناوخۆ، لە سیاسەتی دەرەوەش، پۆپۆلیزمێکی پلە سێ (نزم) ڕەچاو دەکات. دیار نییە چی دەڵێ و بەرگریی لە چی دەکات. بەداخەوە کاتێک ڕووداوێک لە وڵاتێکدا (ڤێنزوێلا) کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا هەیە، ڕوو دەدات، یەکەم بابەت کە بە مێشکی سەرۆکی جەهەپە دەگات، هێرشی سەر ئێمەیە".
لەبارەی دۆخی ڤێنزوێڵاشەوە، سەرکۆماری تورکیا قسەی کرد و ڕایگەیاند: "هەر کردەوەیەک کە پێشێلی یاسای نێودەڵەتی بکات، لامان پەسەندکراو نییە. تورکیا لە هەوڵدایە ئەوەی کە لە بەرژەوەندی گەلی دۆستی ڤێنزوێلا'دا بێت، بۆی ئەنجام بدات".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی ئەو باسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کردووە و گوتی: "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز ترەمپ، نیگەرانییەکانی وڵاتەکەم پێ ڕاگەیاند، جەختم لەوەش کردەوە کە نابێ ڤێنزوێلا سەقامگیری تێکبچێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "تورکیا و گەلی تورک لە پاڵ گەلی دۆستی ڤێنزوێلادا دەبێت بۆ ئاسایش، ئارامی و گەشەکردنیان. پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان، لێکەوتەی جددی دەبێت".
لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی دۆخی ئابووری وڵاتەکەی دوا و گوتی: "هەڵاوسان لە ٤٩ مانگی ڕابردوو بۆ کەمترین ئاستی خۆی دابەزیوە. لەوەش زیاتر ئاستەکەی دادەبەزێنین".
