Mümin Altaş
09 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2021
ئه‌نقه‌ره- AA
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجام دا.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه، په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر داواكاری ماریۆ دراگی ئه‌نجام دراوه و له میانیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئیتاڵیا و پرسه ناوچه‌ییه‌كان تاوتوێ كراون.
له‌میانی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه توركیا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له له ئیتاڵیا هه‌یه وه‌ك هاوپه‌یمانێكی ناتۆ له‌هه‌مان ئاستی بایه‌خدانی ئه‌نقه‌ره‌دا، گرنگیی به په‌یوه‌ندییه‌كان بدا.
هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان باسی له‌وه كردووه، له حه‌وت مانگی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٢١دا قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان هه‌ردوو وڵات نزیك بووه‌ته‌وه له ١٣ ملیار و ئاستی به‌ر له په‌تای كۆرۆنای تێپه‌ڕاندووه، جه‌ختی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و تاودانه خێراتر بكه‌ن ئه‌وا به ئاسانی ده‌توانن به ئامانجی ٣٠ ملیار دۆلار بگه‌ن.
له‌میانی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، سه‌ركۆماری توركیا، باوه‌ڕی خۆی به‌وه دووپات كردووه‌ته‌وه كه ئیتاڵیا به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌ڵوێستی له به‌ره‌وپێش بردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و پشتیوانیی كردن له پێواژووی به ئه‌ندام بوون له یه‌كێتییه‌كه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه هه‌رچی زووه ده‌ست كردنی بێ مه‌رج به دانوستانه‌كانی نوێ كردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی گومركی، له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووانه و به پێویستی زانیوه لێك تێگه‌یشتنی ١٨ی ئادار به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رتاپایی نوێ بكرێته‌وه.
هه‌روه‌ها ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان باسی له‌وه كردووه، له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵ كردنی ئه‌فغانستان له لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، دۆخێكی نوێ هاتووه‌ته ئاراوه و به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی به ئه‌فغانستان پێویسته كه‌ناڵی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ تاڵیباندا به كراوه‌یی بمێنێته‌وه ئه‌گه‌ر نا، فشاری كۆچ زیاتر ده‌بێت.
ئه‌ردۆغان ئاشكرای كردووه، پشتیوانیی له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌ڵبژاردنه‌كان له لیبیا له واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت و وه‌ك توركیا له‌سه‌ر خواستی لیبیا و له‌سه‌ر بناغه‌ی رێككه‌وتنه دووقۆڵییه‌كان ده‌سته‌به‌ری مه‌شق و راوێژكارییان بۆ هێزه ئه‌منییه شه‌رعییه‌كان كردووه.
له‌میانی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی بانگێشتی سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی بۆ لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی G20 كه ئیتاڵیا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م خوله‌ی ده‌كات، كردووه كه بڕیاره مانگی داهاتوو له رۆما به‌ڕێوه‌بچێت.