Burak Karacaoğlu,Adham Kako,Ramal Abdullah Mahmood
14 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2017
ئیدلب – AA
رەوانەکردنی پێداویستی سەربازی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا بەمەبەستی دانانی خاڵی چاودێری بەردەوامە.
کاروانی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکانی سوپای تورکیا شەوی دوێنێ چوونە ناو ناوچەی ئاتمە کە دەکەوێتە بەرامبەر قەزای رەیحانلی سەر بە پارێزگای هاتای و گەیشتنە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای حەلەب.
پێدەچێت ئەم رەوانەکردنە ماوە ماوە بەردەوام بێت.
یەکەم هەنگاوی گواستنەوەی یەکەکانی سوپای تورکیا بەمەبەستی دروستکردنی خاڵی چاودێری بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی رژێمی سووریا بە ئاگربەست لە ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب لە سەر هێڵی ئیدلب-عەفرین دەبێت.
ئەم گواسنتەوەیە بەپێی رێککەوتننامەی ئاستانایە کە وڵاتانی دڵنیاییدەری ئاگربەستەکە لەسەری رێککەوتوون بەم پێیەش لە هێڵی سنووری ئیدلب-عەفرین بەردەوام دەبێت.
پێدەچێت بەشێوەیەکی قۆناغبەند لە قۆناغەکانی داهاتوودا لە باکووری ئیدلبەوە تاکو باشووری ئیدلب سوپای تورکیا زیاتر لە ١٠ خاڵی چاودێری لە ناوچەکە دروست بکات.
یەکەکانی سوپای تورکیا وەک بەشێک لە هێزی کۆنتڕۆڵکردنی کەمکردنەوەی گرژییەکانی وڵاتانی دڵنیاییدەر بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکات و بەپێی رێککەوتننامەی ئاستانا جێگیر دەکرێن.
تورکیا خاڵی چاودێری لە ناو ناوچەکانی ئیدلب و رووسیاش خاڵی چاودێری لە دەرەوەی ئیدلب دادەمەزرێنێت.
ئامانج و ئەرکی سوپای تورکیا چاودێریکردنی هێزەکانی رژێمە لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەبارەی پابەندبوونیان بە ئاگربەستەکە و دانانی خاڵی چاودێرییە. ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد ئەنجام دەدرێت.