Ramal Mahmood
11 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2016
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "دەمەوێت بزانن کە بنکەی سەربازی باشیک لەوێ هەیە، ئێمە برا و هاونەژادانمان لە مووسڵ و کەرکووک و تەلەعفەر بەتەنها جێ ناهێڵین، ناتوانین بەتەنها جێیان بهێڵین و رێگەنادەین لەوێ پێکدادانی مەزهەبی رووبدات. ئەگەر لەوێ پێکدادانی مەزهەبی رووبدات پێشی پێناگیرێت. ئێمە دەست لە شەنگالیش هەڵناگرین چونکە خەریکە دەبێتە قەندیلی دووەم. لەوێ پەکەکە هەیە رێگە نادەین ئەوێ ببێتە قەندیلی دووەم".
ئەردۆغان لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانی ئەلجەزیرەی قەتەری لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا باسی لەبابەتەکانی وەک حکوومەتی هاوپەیمانی لە تورکیا، سەردەمی حوکمڕانی ئاک پارتی، مشتومڕەکانی سیستەمی سەرۆکایەتی و هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی کرد.
ئەردۆغان باسی لەبابەتی رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، فەتحوڵڵا گولەن کرد و ئەوەی خستە روو کە ئەو کەسە تاوانی ئەنجامداوە و کەچی سەرباری ئەمانەش هێشتا لە ئەمریکایە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشهاتەکانی وڵاتانی عەرەبی خستەبەر باس و رایگەیاند کە تورکیا بەدرێژایی ٩١١ کیلۆمەتر هاوسنووری سووریا و ٣٥٠ کیلۆمەتریش لەگەڵ عێراق هاوسنوورە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لە بەرامبەر پێشهاتەکانی سووریا دەستەوەستان ناوەستن و پەیوەندییەکی قوڵی مێژوویشیان لەگەڵ گەلی لیبیادا هەیە. بەبیریشی هێناوە کە زۆر دانیان بەخۆیاندا گرت بەڵام دوای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شاری عەنتاب و شەهیدکردنی ٥٦ هاووڵاتی پشتیوانی سوپای سووریای ئازادیان کرد بۆ چوونە ناو شارۆچکەی جەرابلوس و بەمجۆرەش قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد و گوتی: "لە جەرابلوس داعش بەرگرییەکی ئەوتۆی نەکرد و ئەوێی چۆڵ کرد. دواتر ئۆپەراسیۆنیک لە راعی ئەنجام درا و داعش ئەوێشی بەجێ هێشت. دواتر دابق-یان چۆڵ کرد. لە دابق هەندێک بەرگرییان کرد بەڵام تێکشکێنران. داعش ئەوێی بەشوێنی پیرۆزی خۆی دەزانی. بەڵام ناچاربوو ئەوێ جێ بهێڵێت و لەوێ بڕوات. ئێستا سوپای سووریای ئازاد بە هاوکاری لۆجیستیکی ئێمە و هێزی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەردەوامە لەپێشڕەویکردن بەرەو شاری باب بەڵام کەسانێکیش هەن کە ئەوەیان ناوێت".
ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رەوشی عێراق باش نییە و بەتایبەت رەوشی کەرکووک دەبێت بیری لێ بکرێتەوە و گوتی: "لەدۆخی پێشهاتەکانی کەرکووکدا نامانەوێت رێکخراوە تیرۆریستییەکان بچنە ناوی، لەوبارەیەوە هێزە ئەمنییەکانمان زانیاری پێویستیان داوە بە لایەنە پەیوەندیدارە ئەمریکییەکان. لە مووسڵ کە نزیکەی هەمووی عەرەبە رێژەیەک تورکمانیشی لێن. لە کەرکووک برا تورکمانەکانمانی لێن و کوردیشی لێن رێژەیەک عەرەبیشی لێ هەن. بەم هۆیەوە جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی بەم جۆرە لەو شوێنانە بەباش نازانین. لەوێش لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەگەڵ تورکیا دەکەونە جوڵە. ئێستا هەوڵەکان بەمجۆرە بەڕێوە دەچن بەڵام لە کەرکووک کێشەی جدی هەیە، ئازار هەیە کە لەوانەیە رەنگدانەوەی لەسەر تەلەعفەر هەبێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە پێی وایە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی وەک یەک بیرناکەنەوە و هەندێک جیاوازییان هەیە و رایگەیاند کە خۆیان لەو خاڵەدا بۆ مەرجەعی بڕیار لە هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش کۆدەبنەوە و راوێژ دەکەن و گوتی: "دەمەوێت بزانن کە بنکەی سەربازی باشیک لەوێ هەیە، ئێمە برا و هاونەژادانمان لە مووسڵ و کەرکووک و تەلەعفەر بەتەنها جێ ناهێڵین، ناتوانین بەتەنها جێیان بهێڵین و رێگەنادەین لەوێ پێکدادانی مەزهەبی رووبدات. ئەگەر لەوێ پێکدادانی مەزهەبی رووبدات پێشی پێناگیرێت. ئێمە دەست لە شەنگالیش هەڵناگرین چونکە خەریکە دەبێتە قەندیلی دووەم. لەوێ پەکەکە هەیە رێگە نادەین ئەوێ ببێتە قەندیلی دووەم".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریان و بەهیچ جۆرێک لەگەڵ دابەشبوونی ئەو وڵاتانە نین و تا دواین کات هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بەو ئاراستەیەدا.
لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کاریگەری ئێران لەسەر عێراق و سووریا و رۆڵی ئەمریکا و رووسیا لە سووریا، ئەردۆغان گوتی: "وەک دەزانن کۆبوونەوەیەک لە لۆزان کرا. لە کۆبوونەوەکەدا ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، ئێران، قەتەر و سعوودیە لەوێ کۆبوونەوە، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتنە ئەنجامێک و ئەم قۆناغە دووبارە بەردەوامە. من پێوایە لە لۆزان نا لە شوێنی دیکە گونجاوترە کۆبوونەوەکان ئەنجام بدرێن. پێویستیشە ئەو لایەنانەی دەشهێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بێن. ئەگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بێن ئەوا ئەنجامی دەبێت بەڵام ئەگەر لەبری چارەسەرکردنی کێشە بۆ بڕیاری پێشوەختە بێن ئەوا دەبێتە کێشە. چونکە ئێمە پێویستە مەرجەکانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا دابنێین. ئەگەر ئەو مەرجانە بەبنەما بگیرێن دەگەینە ئەنجام، بەپێچەوانەوە ناگەینە ئەنجام".