Shamal Nouman Bakir
12 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2022
هەولێر-AA
گوتەبیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردووەتەوە، سەرەخۆشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی کەناڵی ئەلجەزیرە کردووە.
جووتیار عادل نووسیویەتی "سەرەخۆشی لە کەناڵی ئەلجەزیرە و کارمەندانی دەکەین بۆ لەدەستدانی هاوپیشەکەیان خانمە پەیامنێر شیرین ئەبو عاقلە. لە خوای گەورە داواکارین میهرەبانی و ئارامی و دڵنەوایی بە کەسوکاری ببەخشێت".
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، خانمە پەیامنێر شیرین ئەبو عاقلە-ی تەمەن ٥١ ساڵ لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل کە گولـلەی راستەقینەیان بەکارهێناوە، سەری بە سەختی بریندار بووە و پاشان گیانی لەدەستداوە.
شیرین ئەبو عاقلە رووماڵی ئەو هەڵمەتەی دەکرد کە دوێنێ سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جەنین ئەنجامی دا.
شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەلجەزیرەی قەتەری بوو لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو.