Mazın Asad
17 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند لەسەر نیشاندانی مستەفا کەماڵ ئاتاتورک وەک دوژمن لە نێو سەرکردەی وڵاتان و نیشاندانی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لەگەڵ ھێزەکانی دوژمن لەمیانی مانۆڕەکەی ناتۆ لە نەرویج، فەرمان بە کشانەوەی ٤١ سەربازی تورکیا لە مانۆڕەکە دراوە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لەکاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی لە ناتۆ لە ٨-١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ لە نەرویج، لە لایەک کارمەندێکەوە مستەفا کەماڵ ئاتاتورک وەک دوژمن لە نێو سەرکردەی وڵاتەکان نیشان دراوە و لە لایەن کارمەندێکی دیکەش ھەژمارێکی ساختە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەناوی سەرکۆمار بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان کراوەتەوە و گوایە کاری ھاوبەش لەگەڵ ھێزەکانی دوژمن ئەنجام دەدات. ئەمانە لە لایەن کارمەندانی سوپای تورکیا کە بەشداری لە مانۆڕەکەیان کرد دیاری کراوە. لە دوای گەیشتنی بابەتەکە بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، بە نووسراو و زارەکی لە پێش بەرپرسانی سەربازیی ناتۆ بە قبووڵنەکراو لەقەڵەم درا و پرۆتێستۆتی کرا و پاشان لە لایەن سەرۆک ئەرکانی سوپا جەنەراڵ خولوسی ئاکار فەرمانی دەستبەجێ کشانەوەی کارمەندانی سوپای تورکیا لە مانۆڕەکە درا".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو دوو کارمەندەی لە رووداوەکەدا تێوەگڵاون لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "بەرپرسانی ناتۆ بەھۆی رووداوەکەوە خەمباری خۆیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوە دا کە رووداوەکە مایەی قبووڵکردن نییە و بە نووسراو زارەکیش داوای لێبوردنیان کرد".
لەوبارەیەوە ئەمرۆ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکیدا کاردانەوەی توندی نیشان دا و گوتی: "دوێنێ لە نەرویج دۆخێک ھاتووەتە ئاراوە. لەو وڵاتە دیمەنێکیان بە ناوی وێنەی دوژمن داناوە. لەنێو وێنەکەدا لەلایەک وێنەی ئەتاتورک و لەلایەکی دیکە ناوی بەندە ھەیە. ئەمانە ئامانجن. کاتێک ئەم ھەواڵە گەیشت، سەرۆک ئەرکانی سوپا و وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لە حکوومەت، کە لەرێگە بوون بۆ کەنەدا، پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد. گوتیان کە 'دۆخێکی بەمجۆرە ھەیە. ئەم مانۆڕەش مانۆڕی ناتۆیە. ٤٠ سەربازمان ھەیە لەو مانۆڕەدا، ئێمە بڕیاری کشاندنەوەی ئەو سەربازانەمان داوە و دەیانکشێنینەوە'. ئێمەش پێمان گوتن 'بەدڵنیاییەوە، ھیچ مەوەستن و دەستبەجێ بیانکشێننەوە. ئەگەر بێتو ئەو ئامانجانەش ھەڵبگیرێن، ئێوە ئەو ٤٠ سەربازەمان بەخێرایی بکشێننەوە'. ھاوپەیمانێتییەکی لەوشێوەیە و ھاوپەیمانبوونێکی لەو جۆرە رێگەی تێناچێت''.
ھاوکات سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ داوای لێبووردنی لە تورکیا کرد بە ھۆی ئەو ئابڕووچوونەی لەمیانی مانۆڕی سەربازییەکەدا روویدا.