Cüneyt Ateş
02 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2016
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە، سەڵاحەددین دەمیرتاش پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی ھەدەپە، لە ناوەندی گشتی ھەدەپە روونکردنەوەیەکی دا بە رۆژنامەنووسان.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا کە ٤٨ سەعاتە ئاگاداری رەوشی بریندارەکانی شارۆچکەی جەزیریان نینە و تا ئێستا چارەسەرێک بۆ رەوشی برینداران نەکراوە و راشیگەیاند کە ناوچەکە ٢٤ سەعات بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری دەکرێت و ھیچ زانیارییەکیان لە لایەن پارێزگار و قایمقامێتی ئەو شارە پێ نەدراوە.
ھاوسەرۆکی گشتی روونیشی کردەوە کە ھیچ لێدوانێکی لەبارەی ھەڵکەندنی خەندەق و چەکداری نەداوە و بە پێویستی زانی کێشەکان بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر بێت.دەمیرتاش گوتیشی: "واز لە قسەی نامۆ بێنن. ساڵانێک کۆبوونەوە و ئەنجامیش بەدەست دەھێنرا کە مردنیش نەبوو، بەڵام ئێستا پێویستە گۆمەڵگە پرسیاری ئەمە بکات و دایکی پۆلیسەکان مافی ئەوەیان ھەیە ئەم پرسیارانە بکەن".
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕای ئەوەی کێشەی ناوخۆی تورکیا، دۆزی کورد و کێشەی دیموکراسی بە دانوستانەکان چارەسەر دەبێت، بەڵام حکوومەتی تورکیا پێداگرییە لە شەڕکردن و زیاتر گوتیشی: "بۆیە دەڵێن بەم ھۆیەوە کوشتاری ھاتووەتە ئاراوە. بێگومان گیانی مرۆڤ بۆ نیشتمان دەبەخشێت. کوردەکان بۆ نیشتمانیان دەمرن و تورکەکانیش. بێگومان ئەگەر نیشتمانی ھاوبەشیمان لە ژێر ھەڕەشە بێت ئەوە ھەر تاکێک گیانی دەبەخشێت، بەڵام ئاکپارتی لە پێناو دەسەڵات، سەرۆکایەتی، دوارۆژی کۆشک و حوکمڕانیدا کەس ناچار نییە بمرێت. بەداخەوە ئێمە لەوبارەیەوە گیانمان نابەخشین".
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە ھەروەھا گوتی: "گەلی کورد داوای دابەشبوون ناکات، بەڵکو داوای ئازادی و بەیەکەوەژیان لە نێو سنوورەکانی وڵات دەکات کە ئەویش خۆبەڕێوەبەرییە. ئەمە دابەشبوون نییە، بەڵکو داواکارییە لە پێناو یەکێتی و یەکسانی و دیموکراتی".
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش دا کە لەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت ئەندامانی پەکەکەی لێ نییە و ھەروەھا گوتیشی: "حکوومەت ئەمە بە باشی دەزانێت. جارێکی دیکە یاخود ھەزار جاری دیکە دووپاتی دەکەمەوە کاتێک بە حکوومەتی دەڵێین چەکەکان بێدەنگ بکەن، بە پەکەکە ناڵێین چەک بەکار بھێنن".
لە وەڵامی پرسیارێک کە "ئایا لەم قۆناغەدا ھەدەپە بانگەوازی چەک داماڵێن لە پەکەکە و قەندیل دەکات؟" دەمیرتاش گوتی: "بانگەوازی چەک داماڵین بە پەکەکە بێ مانایە و ھیچ بەرامبەرێکی نییە. ئەگەر حکوومەت ھەنگاو نەنێت ئەوە ھیچ مەودایەک نابردرێت. ھەموو رۆژێک ئەم بانگەوازاییە دووبار دەکەینەوە. ئێمە پێشنیاری "چەک بەکار بھێنن، شەڕ بکەن و بکوژن"مان نەکردووە، بەڵام حکوومەت بەرپرسیارە لەم رووداوانە. ئەگەر بڵێن موخاتابی ئاشتی پەکەکەیە و بڵێن "وەزارەتەکان سەر بە پەکەکەیە و پەکەکە ناچارە قۆناغی ئاشتی بەڕێوە ببات و سەرۆکوەزیرانی وڵات جەمیل بایکە" ئەوە دەتوانم بانگەواز بکەم، بەڵام ئەگەر بڵێن سەرۆکوەزیران داودئۆغڵووە ئەوە رێگە بدەین لە بانگەوازیکردن بەردەوام بین".