Muhammet Ali Kemal
02 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتەیەكیدا لە كۆنفرانسی كۆمیسیۆنی ئابووری ئەمریكای لاتینی و وڵاتانی كاریبی، ئاماژەی بەوە كرد كە چاوەڕوانییەكانی ئەوان بریتییە لە دەربڕینی هەڵوێستێكی راستگۆیانە سەبارەت بە قەیرانی پەنابەران و دابەشكردنی ئەركەكان، لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
ئەردۆغان باسی لەوە كرد كە یەكێك لە گەورترین ئاستەنگەكانی بەردەم ئاشتی جیهانی بریتییە لە تیرۆر و ئەوان وەك توركیا لە نزیكەوە ئەو دەزانن كە ئەو كێشەیە چییە و پێویستە چ قوربانییەكی لەپێناودا بدرێت. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان خاوەنی ئەزموونێكی ٣٥ ساڵەن لەو بوارەدا و گوتی: ''پێمان وایە كە بەرەنگاربووەنەوەی تیرۆر تەنها لە رێگەی هاریكاریی و هاوپشتییەكی راستگۆیانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت. ناكرێت بڵێین 'با هەركەس دەست بە كڵاوی خۆیەوە بگرێت'. ئێمە ئەوەی تا ئەمڕۆ كەوتووەتە سەرشانمان لە چوارچێوەی هاریكاری نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جێبەجێمان كردووە. بۆ لەمەودواش بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی. كاتێك لە وڵاتێكی ئەورووپی چالاكییەكی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت، هەموو وڵاتان دەكەونە جووڵە، بەڵام كاتێك لە ئەنقەرە، لە ئیستانبوڵ، لە عەنتاب، لە سروج كردەوەیەكی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت، بۆچی هەموو جیهان تەنها تەماشاوانن. پێویستە بەدوای وەڵامی ئەمانەشدا بگەڕێین''.
سەركۆماری توركیا باسی لەوە كرد كە تیرۆر ئایین، نەتەوە و رەگەزی نییە و رایگەیاند ''ئەوانەی كە ئایینی ئیسلام و تیرۆریان پێكەوە بەستووەتەوە، هەر ئەوانەن كە گەورەترین پشتیوانی لە رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەكەن. دەمەوێت ئەوە بلێم كە ئیسلام لە ئاشتییەوە هاتووە. یەكەم، هەرگیز ئیسلام رێگە بە تیرۆر نادات. دووەمیش، كەس ناتوانێت ئیسلام و تیرۆر پێكەوە ناوبهێنێت. سێیەم، داعش رێكخراوێكی تیرۆریستییە و نە لەدوور و نە لە نزیكەوە پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە''.
هەروەها گوتی: ''بەپێچەوانەوە داعش لە رێگەی ئەو كردەوانەوە كە ئیستا ئەنجامی دەدات، زیان بە ئیسلام دەگەیەنێت، رێكخراوێكە دوژمنی ئایینی ئیسلامە. لە (G20)یشدا ئەمانەم گوت، لێرەش ئەمە دەڵێمەوە، پەیوەستكردنی تیرۆر بە ئایینێكی دیاریكراوەوە، یان بە رەگەزێكی دیاریكراوەوە دەبێتە هۆی خۆشكردنی زەمینە بۆ بەهێزبوونیان''.