Muhammet Ali Kemal
13 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2016
هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند ''هەموو كاتێك پرۆسەی چارەسەری بابەتی رۆژەڤی ئێمەیە. جا لەگەڵ ئەمانە بێت یان لەگەڵ كەسانی دیكەدا، توركیا هەر دەبێت بە ئاشتی بگات''.
دەمیرتاش لە گوتەیەكدا لە یەكەمین كۆنگرەی ئاسایی ئەنجوومەنی لاوانی پارتەكەی، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوانەی هەدەپە گەورە و فراوان دەكەن گەنج و لاوەكانن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لەوەكردەوە كە ئەوان هەرگیز پارێزبەندیی یاساییان نەبووە و رایگەیاند ''ئەوەی كە متمانەی پارێزبەندیی یاسایی لای ئێمە درووستكردووە، ماددە دەستوورییەكە نییە، بەڵكو گەلەكەمانە. پارێزبەندیی ئێمە لە رەوایەتیمان و پشتیوانیی گەلەكەمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوان هێرش دەكەنە سەر ئەم ئیرادەیە، دەیانەوێت بێ نرخی بكەن و سووكایەتی پێ دەكەن''.
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان وەك كارمەندێكی دامەزراو لە فەرمانگەیەكدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و گوتی: ''گوایە خەڵك توڕەیە لەبەر ئەوە دەبێت پارێزبەندیی یاسایی پەرلەمانتارانی هەدەپە هەڵگیرێت. لەوانەیە بەشێك لەو كەسانەی كە دەنگیان بە ئێوە داوە، ناڕەحەت و توڕە بن. بەڵام هەموو ئەو كەسانەی دەنگیان بە ئێمە داوە، لە ئێوە تووڕەن. ئەگەر دەنگ پێوەر بێت ئەوا دەبێت پارێزبەندیی ئێوەش هەڵگیرێت''.
دواتر دەمیرتاش ئاشكرای كرد كە ئەوان تەنانەت یەك دۆسیەی گەندەڵی، دزی و تەندەریان لەسەر نییە و رایگەیاند ''ئایا گەل دزی، تاڵان و بڕۆ، پیشێلكاریی و دەستدرێژیی پەسەند دەكات؟ ژمارەیەك پەرلەمانتار هەن كە دەبێت لەبەر ئەم پرسانە دادگایی بكرێن. ئەوان وەك شا لەسەر كورسییەكانیان دانیشن هەروەك ئەوەی هیچ شتێك لە ئارادا نەبێت، كاتێكیش كە بابەتەكە هاتە سەر هەڵگرتنی پارێزبەندییە یاساییەكانی ئێمە، ئەم دز و جەردە، بەرتیلخۆر و ئەو كەسانەی بەهۆی دەستدرێژی و پێشێلكارییەوە دەبێت دادگایی بكرێن، دەست هەڵدەبڕن و دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی پارێزبەندییەكەمان هەڵگیرێت. من بیر لەوە دەكەمەوە ئەوانە بە چ روویەكەوە دەست هەڵدەبڕن''.
دەمیرتاش داوای كرد ئەگەر ئازایەتییەك بوونی هەیە ئەوا با پارێزبەندیی یاسایی هەر ٥٥٠ پەرلەمانتارەكە هەڵگیرێت و ئاماژەی بەوە كرد كە ئامانجەكە بریتییە لەوەی كۆمەڵگە لە هەدەپە بتۆرێنن و پارتەكەی ئەوان وەك تاوانبار نیشان بدەن، گوتیشی: "دەیانەوێت ئەو گرنگییەی بە هەدەپە دەدرێت پەرتی بكەن و رێگە لەگەورەبوونی بگرن".
- پرسیارەكان
دواتر سەڵاحەدین دەمیرتاش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە، سەبارەت بە بۆچوونیان لەبارەی گوتەكانی دوێنێی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دەربارەی پرۆسەی چارەسەریی، گوتی: ''مانای وایە دان بەوەدا دەنێت كە پرۆسەیەك بەناوی پرۆسەی چارەسەریی پێویستە. دان بەوەدا دەنێت كە دۆخێك هەیە و پێویستی بە چارەسەر هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیەی پێشتر خستە نێو سەلاجەوە و ئێستاش خستوویەتییە نێو بەفرگرەوە، ئەمە بەو مانایە دێت دان بەوەدا دەنێت كە 'ئەم كێشەیە چارەسەر ناكەن' ''.
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە نەیشاردەوە كە پێویستیی بە چارەسەرێكی ئاشتییانە، بنەڕەتیترین پێویستیی گەلە و گوتی: ''لە توركیا هەمووان باجی قورسی جەنگ دەدەن، پرۆسەی چارەسەریی بەلای ئێمەوە بژاردە نییە بەڵكو ناچارییە. پرۆسەیەكیش نییە كە سەركۆمار خستییە سەلاجەوە یان بەفرگرەوە كۆتایی بێت. هەموو كاتێك پرۆسەی چارەسەریی بابەتی رۆژەڤی ئێمەیە. جا لەگەڵ ئەمان بێت یان لەگەڵ كەسانی دیكەدا، توركیا هەر دەبێت بە ئاشتیی بگات''.
سەبارەت بە بۆچوونیان دەربارەی روونكردنەوەكانی وەزیری ناوخۆی توركیا ئەفكان ئالا لەبارەی شرنەخ، نسێبین و یوكسەكۆڤاوە، دەمیرتاش گوتی: ''ئەمە مانای وایە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك گیان لەدەست دەدەن، هەر لە سڤیل، چەكداری پەكەكە و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان. چونكە ئەمان جۆرێكی دیكە لە چارەسەر بەرهەم ناهێنن. ئەمانەش ناو دەنێن، چارەسەر. لەدوای خۆیشییانەوە، هاوشێوەی مەغۆلەكان، وێرانە و كاولكارییەك جێدەهێڵن و بەمەش دەڵێن سەركەوتن''.
دەمیرتاش جەختی لەوەكردەوە كە تەنانەت تاكە كەسێك نییە لە نێو حكوومەتدا ئازایەتی ئەوەی هەبێت باسی ''ئاشتی'' بكات و گوتی: ''تاكە سیاسەتمەدارێكی ئازا نییە بڵێت با ئێمە چەكەكان بێدەنگ بكەین، مەرگەساتەكان بووەستێنین، خەندەق و بەربەستەكان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەین''.
- مشتومڕەكان سەبارەت بە پارێزبەندیی یاسایی
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە سەبارەت بە سیاسەتی پارتەكەیان لەبارەی پارێزبەندییە یاساییەكانەوە، ئاماژەی بەوە كرد كە باباتەكە لە دامەزراوەی ناوەندی راپەڕاندن تاوتوێ دەكەن و پێیان باشە ''ماددەی دەستووریی سەبارەت بە پارێزبەندیی یاسایی هەمواربكرێتەوە'' و سووریشن لەسەر هەڵوێستەكەیان، چونكە پێیان وایە پارێزبەندییەكە زۆرە و پێویستە سنووردار بكرێت.
راشیگەیاند ''ئەگەر بێت و مرۆڤێك بە دەستدرێژیی و پێشێلكاریی تۆمەتبار بكرێت، چۆن دەكرێت خاوەنی پارێزبەندیی یاسایی بێت. چۆن دەكرێت مرۆڤێك كە بە دزی و گەندەڵی تاوانبار دەكرێت، خاوەنی پارێزبەندیی یاسایی بێت. با ئەوە لابەرین، ئەو كاتە ئەوەی ئێمەش سنووردار دەبێت و پاریزبەندییەكەی ئەوانیش. هەمووان دەچنە خزمەت دادگا و دادوەر و چییان لەسەر بێت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. ئەگەر ئەمە نەكەن و بیانەوێت بەهۆی گوتەكانمانەوە ئێمە بپلیشێننەوە وەك ئەوەی دوو پەرلەمانتاری هەدەپە لێپرسراوبن لە هەموو رووداوەكان، هەڵسوكەوت بكرێت، ئەوا ئێمە ئەمە قبووڵ ناكەین. دەستدان لەیەك پەرلەمانتاری هەدەپە واتە دەستدان لە هەر ٥٩ پەرلەمانتارەكە و هێچ جیاوازییەكی نییە لەلایەن ئێمەوە''.
دەمیرتاش هەروەها گوتی: ''ئەگەر بێت و پەرلەمانتارێكی ئێمە تاوانێك بكات،يا بە دزی تۆمەتبار بكرێت یان دەستی وەردابێتە تەندەرێكەوە و داواكاری گشتیی بەمە تۆمةتباری بكات، ئەوا خۆمان داواكاریی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی پێشكەش دەكەین. هەرگیز رێگە نادەین پەرلەمانتارێكی لەو جۆرە لەنێوماندا پارێزبەندییە یاساییەكەی بكاتە قەڵغان بۆخۆی.بەڵام بەهیچ جۆرێك ئەوەش بە ئاسایی وەرناگرین كە پەرلەمانتارێكمان بەهۆی بیروباوەڕ و كاری سیاسییەوە سزا بدرێت''.