Kosar OSMAN
01 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2016
لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی ناوەندی بەڕێوەبردنی هەدەپە لە هۆڵی کۆنفڕانسی جیهانی بازرگانیدا، هاوسەرۆکی پارتەکە سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتارێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو لەبارەی گرژییەکانی ناوخۆی تورکیا دوا و هۆشداریی دایە حکوومەت و دەسەڵات لەبارەی گەورەتربوونەوەی رووداوەکان و گوتی: "ئەوەتا دەبینین شەڕی ناوخۆی وڵات بەشێوەیەک درێژە دەکێشێت کە پلانی بۆ دادەنرێت و تاو دەدرێت. ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامی پێ بدرێت، لەوانەیە لە درزێکی بچووکەوە، لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا شەڕەکە بەشێوەیەک گەورە ببێتەوە کە هیچێکمان بیرمان لێ نەکردۆتەوە و هیچ لایەنێکیشمان ناتوانین بەری پێ بگرین. خوا بمانپارێزێت. سەیرکەن بۆسنە، یوگسلاڤیا و سووریایش نموونەی بەرجەستەن بۆ ئەمە. جا ئەوکات نازانن کێ ئەو شەڕەی هەڵگیرساندووە. هۆکارەکەیشتان بۆ نادۆزرێتەوە. رووداوەکان وەک زنجیرەیەک، بەدوای یەکەوە روودەدەن".
ناوبراو هەروەها گوتی: "ئەو بریندارانەی لە جزیرە کەوتوون و هێزەکان ریگە نادەن ئامبوڵانس بیانگوازنەوە، لەلایەن حکوومەتەوە بە دەستکەوت هەژماردەکرێن. ئەوە لەکاتێکدایە حکوومەت بیر لەو بارە ترسناکەی ئەو مرۆڤانە ناکاتەوە کە لە چ حاڵێکدان".
هاوسەرۆکی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ پارتەکەی بە رێگەی هیوا و ئومێدی تورکیایەکان وەسف کرد و بەمشێوەیە بەردەوام بوو کە: "کۆشکی ئاکەپە خەڵکی تورکیا ناچار بە هەڵبژاردنی رێبازی جیاکاری و دابڕان لە کۆمەڵ دەکات. هەرچیی هەدەپەیشە پارتی ئاشتی و دیموکراسیی هەڵبژاردووە".
ناوبراو لەبارەی سیستمی سەرۆکایەتییەوە گوتی: "ئەگەر ئێستا لێیان بپرسی پێیان وایە دوای هەڵبژێردرانی سەرۆک لەلایەن گەلی تورکیاوە، ئەو سەرۆکە بە داردەستە سیحراوییەکەی تەواوی ئەم کێشە چەقبەستوو و خوێناوییانەی ئەمڕۆ بە جوانترین شێواز چارە دەکات بەڵام ئێمە باش دەزانین کە ئەمە راست نییە و راستەقینەکە وەک رۆژی رۆشن لێمانەوە دیارە".
یوکسەکداغ هەروەها پێداگری و بەردەوامیی پارتەکەی لەبارەی خۆسەرییەوە دەربڕی.