Kosar OSMAN
01 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو کە بەمەبەستی سازدانی چەند دیدارێک سەردانی سعوودیەی کردبوو، چەند روونکردنەوەیەکی لەبارەی پرسە هەنووکەییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا دا.
داودئۆغڵو جارێکیتریش رووسیای لە بەزاندنی کایەی ئاسمانیی تورکیا ئاگادارکردەوە و بەم شێوەیە دوا و گوتی: "ئیتر هیچ وڵاتێکی جیهان دابڕاو و دوورەپەرێز نییە. مەحاڵە هیچ لایەنێک بتوانێت بانگەشەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتێک دروست بکات، هەروەها ناشتوانرێت بەزاندنی کایەی ئاسمانی پەردەپۆش بکرێت. دوێنێ بەزاندنێکی زۆر کورت لەلایەن رووسیاوە ئەنجام دراوە. ئەمە لەلایەن رادارەکانی ئێمە و ناتۆشەوە تۆمار کراوە. تورکیا نایەوێت گرژییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ بەرەو خراپتر ببات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی پێویست لە کاتی بەزێنرانی ئاسمانەکەیدا دەنێت کە ئەمە مافی خۆیەتی و پارێزگاریکردنە. جارێکیتریش رووسیا ئاگادار دەکەینەوە و پێی رادەگەیەنین کە زیانگەیاندن بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و بەزاندنی ئاسمانی تورکیا لە بەرژەوەندیی حکوومەتی مۆسکۆدا نییە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەروەها لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا رایگەیاند: "لە سووریا رژێمی بکوژ و داعشی وەحشیگەر بەهەمان پێوەر تاوانبارن. ئێمە و سعوودیە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا".
ناوبراو هەڵوێستی تورکیای لە پرسی سووریادا بەمجۆرە خستەڕوو: "هەمیشە پشتگیریی گەلی سووریا دەکەین. تورکیا هەمووکاتێک پاڵپشتیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات. هەروەها دژی رژێمی ئەسەد و داعش و ئەو هێزانەین کە وڵاتەکە بەرەو ئاقاری داگیرکەران دەبەن".