Hemın Othman Mohammed,Mohammed Baqi Hussein
26 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2016
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، وەیسی کایناک رایگەیاند: "دەروازەی گومرکی چۆبانبەی کە دەروازەیەکی مێژوویی گومرکە سەرلەنوێ دەکرێتەوە و، وەک سەرۆکایەتی دەزگای ئافات و بارودۆخی لەناکاوی سەربە سەرۆکایەتی وەزیران ھاتوونەتە ناوچەکە و بڕیاریانداوە ناوەندێکی مۆدێرنی لۆجستی دابمەزرێنن. بەو ھۆیەشەوە ئەو کۆمەک و ھاوکاریانەی رەوانەی ناوچەکە دەکرێن لەکاتی گونجاودا دەگەیەنرێنە شوێنی گونجاو".
وەیسی کایناک کە بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەی ھەموجۆر سەردانی کلیسی کردبوو، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری کلیس، ئیسماعیل چاتاکڵی بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، وەیسی کایناک، باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی پەنابەرانی سووری سەردانی کلیسی کردووە.
وەیسی کایناک ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە دوای شەڕ و پێکدادانێکدا لە دەورووبەری ئەلباب لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە بە پشتیوانی سوپای تورکیا لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە بەڕێوەدەچێت ژمارەیەکی زۆر لە سەربازان برینداربوون و ١٦ سەربازیشیان گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەیشکرد کە بۆ بینینی دۆخەکە لە نزیکەوە سەردانی ناوچەکەی کردووە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، وەیسی کایناک گوتی: "لە راستیدا ھێزە چەکدارەکانی تورکمان کە پشتیوانی لە سوپای سووریای ئازاد دەکات، دوای پاککردنەوەی ناپاکەکانی ناوخۆی بووەتە بەتواناترین و ئازاترین سوپای جیھان و بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ئەوەی نیشانداوە. نزیکەی سێ ساڵ و نیوە داعش زیاتر لە نیوەی خاکی سووریا و یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکردووە. ھێزەکانی ھاوپەیمانی کە لە ٦٥ وڵاتی جیھان پێکھاتووە و خاوەنی مۆدێرنترین چەک و زۆرترین سەربازیان ھەیە، ماوەیەکی زۆرە بە پشتیوانی ئاسمانیی ھەوڵی لەناوبردنی داعش دەدەن، بەڵام ئەوە سوپای تورکیایە کە بە جددییترین و گشتگیرترین شێوە رووبەڕووی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووەتەوە و ئەنجامی باشی بەدەستھێناوە. لەوەتەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە تا ئێستا، کە نزیکەی چوار مانگی تێپەڕاندووە دوو ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەترچوارگۆشە لە چەکدارانی داعش و پەیەدە پاککراوەتەوە. لەبەرئەوەی ستراتیجی ئاسایشی وڵاتمان لەوێوە دەست پێ دەکات سوپای تورکیا لەوێیە. ھەرگیز ئامانجی داگیرکردن و پێشێلکردنی خاکی سووریا نییە".
وەیسی کایناک ئەوەشی خستەڕوو کە بەھۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنیی و پێکھاتەی دەوڵەت لە سووریا، ھەندێک ئازار و ناخۆشی بەرۆکی گەلی تورکی گرتووە و، گوتی: "لە عەنتاب و ژمارەیەک پارێزگای سەر سنوور بەتایبەتی کلیس چەند جارێک مووشەک کەوتنەخوارەوە و، کردەی تیرۆریستیی ئەنجامدران".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، جەختیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کاتێک دەستپێکراوە، حکوومەت بڕیاری دابوو لەو خاڵەوە دەست بە پاراستنی ئاسایشی سنوور بکرێت.
وەیسی کایناک گوتی: "سوپاس بۆ خودا بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت. پێموابێت لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە تەنھا یەک رووداو روویداوە، ئەمەش گرنگیی ئۆپەراسیۆنەکە و دروستیی بڕیارەکە دەردەخات. ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەو کارەی ئەنجامدەدرێت بۆ پارێزگاریکردن لە تورکیا و یەکپارچەیی خاکەکەیەتی. ئەو کارەی ئەنجامدەدرێت بۆ ئاسایشی گەلەکەمان و ئایندەیانە، بەڵام پێویستە ھاوپەیمانانمان ئەوە بزانن ئاسایشی ئەورووپا لە ئاسایشی تورکیاوە دەستپێدەکات. ئاسایشی ئێمەش لە سووریا و عێراقەوە دەستپێدەکات. سنوورەکانمان دەپارێزین، بەڵام نابێت ئەورووپاش لەیادی بکات کە ئاسایشی خۆی لە تورکیاوە دەست پێ دەکات. تورکیا ھەرگیز لەھەوڵی داگیرکاری و فراوانکردنی سنوورەکەیدا نییە. ئێمە نیشتمانێکمان ھەیە کە رووبەرەکەی ٧٨٦ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ئەو خاکەی ھەمانە کە بەخوێنی شەھیدان ئاودراوە، بەشی گەلەکەمان دەکات و سەروزیادە. بەشی ئەوە دەکات بە ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی تێیدا بژین."
- "لە چۆبانبەی ناوەندێکی نوێ دادەمەزرێنرێت"
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ١٨٠ بۆ ١٩٠ ھەزار کەس لە عەزاز و دەورووبەریدا لە زستانێکی سەختدا ژیان بەسەردەبەن و ئامادەکارییان بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خۆراک و پێداویستیی ئەو خەڵکە کردووە بێ جیاوازی کردن لەنێوان کورد، عەرەب، تورکمان، شیعە و سوننەدا.
وەیسی کایناک باسی لە بەخشندەیی گەلی تورک کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ساڵانێکە ھاوکاری پێشکەشی خەڵکی سووریا دەکەن و گوتی: "بڕیارمان داوە دەروازەی سنووریی چۆبانبەی کە دەروازەیەکی مێژووییە سەرلەنوێ بکرێتەوە و تێیدا ناوەندێکی مۆدێرنی یارمەتیی لۆجستی دابمەزرێنین. بەوپێی ئەو یارمەنییەکانەی دەنێردرێن، لەکاتی خۆدا دەگاتە شوێنی مەبەست".