ئەنقەرە
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "ماوەیەكی زۆرە هەندێك لایەن بە ناحەقی توركیا بە هەبوونی پەیوەندی بە داشعەوە تۆمەتبار دەكەن، ئەم دەنگۆیانە نیازخراپی بەدواوەیەوە و دەزانین ئەوان خزمەت بە كام لایەن دەكەن."
هەروەها داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی توركیا لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دابوو لەوەی كە داعش رێكخراوێكی تیرۆریستیە و گوتی: "وەكو وڵات بۆ كوژاندنەوەی ئاگر لە وڵات و نەكوژرانی خەڵكی بێ تاوان و شكاندنی دامەزراوە تیرۆریستیەكان هەموو هەنگاوێك دەهاوێژین."
گوتیشی: "ماوەیەكی زۆرە هەندێك لایەن بە ناحەقی توركیا بە هەبوونی پەیوەندی بە داشعەوە تۆمەتبار دەكەن، ئەم دەنگۆیانە نیازخراپی بەدواوەیەوە و دەزانین ئەوان خزمەت بە كام لایەن دەكەن، توركیا لە سەرەتاوە ئاشكرایە كە شوێنی لە كوێ بووە و چۆن رەفتاری كردوە، پێشتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا داعشی بە رێكخراوێكی تیرۆریستی راگەیاندبوو."
هاوكات سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەوەشی خستەڕوو ، لە حەفتەی رابرووەوە تاوەكو ئێستا 160 هەزار ئاوارەی كۆبانێ روویان لە توركیا كردووە و گوتی: "ئەم ئاوەرانە كە زۆرینەیان لە برا كوردەكانمان پێكدێت. لە شەر و ئاگر و زوڵم هەڵدێن و پەنا بۆ توركیا دێنن كە ئۆمێدیانە، بەرامبەر بە چیرۆكی ئەم دایك و منداڵانە كام دڵ دەتوانێ بێ دەنگ بێت. لە دەرگای سنوورەوە سەربازەكان بە ناوی خەڵكی توركیا پێشوازییان لێدەكەن و هەموو پێداویستیەكانیان دابین دەكەن. لە سەرووی هەموو شیانەوە ئەفاد و مانگی سووری توركیا و رێكخراوەكانی دیكە گشت هەوڵەكانیان خستۆتە گەر بۆیان."
هەروەها داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەشكرد كە پڕۆسەی چارەسەری لە سەردەمی حكومەتی پێشوو دەستی پێكرد و ئەنجامێكی باشی بینیوە و جەختی لەوەشكردەوە كە وەك یەكەم رۆژ سورن لە سەر پڕۆسەكە و گوتی: "هەندێك لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەموو هەلێك بۆ خۆیان دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی كەش وهەوای پڕۆسەكە بگۆڕن. ئەمانە شتێكی چاوەڕوان نەكراو نەبوو و ئێمە كاتێك بۆ ئەم مەبەستە كەوتینەڕێ حیسابی ئەم شتانەمان كرد. پێویستە هەموو كەس ئەوە بزانن كە پڕۆسەی چارەسەری تاكە چیرۆكی سەركەوتووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو هەنگاوانەی كە دەهاوێژرێ پێویستە وەكو نیازپاكییەك وەربگیرێت."
ئەوەشی راگەیاند: "پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە شەڕوپێكدادان ماوەیەكی دوور و درێژی خایاند و زەرەرێكی زۆری پێماندا، ئێمە دەمانەوێ دووبارە كەشوهەوای برایەتی لەم خاكانە حوكم بكات و كۆتایی بە شەڕوپێكدادانی برا بهێنین. دەمانەوێ خوێن نەڕێژرێ، ئاگر نەكەوێتە ناو ماڵەكان، منداڵەكان بێ باوك نەبن و دایكەكان بێ رۆڵەكانیان نەمێننەوە. ئەم شەڕە سوودی بۆ كەس نییە، گەورەترین زەرەر خەڵكی ناوچەكە دەیبینێ. بەیەكەوە دەست لە ناو دەست ئەو ساڵە بەفیڕۆچووانە دابخەین و ئەوانەی بێكارن هەلی كاركردنیان بۆ بڕەخسێنین."
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەوەشی خستەڕوو كە هەر چەند دڵشكاوی و ستەمكاری هەبێت كۆتایی پێدێنین و گوتی: "لە بارەی پڕۆسەی چارەسەری سورین لە سەر بڕیارەكانمان و لە هەمووی گرنگتر دڵسۆزین. ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر باوەڕی پێدەكەین و وەك یەكەم رۆژ سورین لە سەر پڕۆسەكە. رێگا نادەین بە بیانووی پڕۆسەكە كاروباری دەزگاكان تێكبدەن."