Mehmet Akif Parlak,Hemın Othman Mohammed
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2016
عه‌نتاب - AA
دوای ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی له ناوچه‌ی جه‌رابلوسی سووریا له نزیك سنووری توركیا له‌لایه‌ن هێزی ئه‌ركی تایبه‌تی به‌شدار له سوپای توركیا و، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت دژ به هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له توركیاوه بۆ جه‌رابلوس درێژه‌ی هه‌یه.
ئه‌و هاووڵاتییه سووریانه‌ی له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی پارێزگای عه‌نتابه‌وه له شارۆچكه‌ی كاركامش كاره‌كانی تۆماریان بۆ كراوه، دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لقی فه‌رمانگه‌ی كۆچبه‌رانی پارێزگاكه‌وه و، تێپه‌ڕین به خاڵی پشكنیندا، به خۆیان و كهلوپهلهكانیانهوه ره‌وانه‌ی جه‌رابلوس ده‌كرێنه‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری لقی فه‌رمانگه‌ی كۆچی عه‌نتاب، ئۆكتای باهچهجی له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتدا جه‌رابلوس له رێكخراوی تیرۆریستی داعش پاككراوه‌ته‌وه و، هیچ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م ئه‌و هاووڵاتییانه‌دا نه‌ماوه كه ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان.
باهچهجی باسی له‌وه كرد كه گه‌ڕانه‌وه‌ی سوورییه‌كان بۆ وڵاته‌كه‌یان درێژه‌ی هه‌یه و، گوتی: "كارمه‌نده‌كانمان داخوازی ئه‌و هاووڵاتیه سووریانه جێ بەجێ دەکەن كه خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ سووریا. ئه‌وانه‌ی كاروباره‌كانیان ته‌واوبووه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌یان. له نزیكه‌ی دوو مانگدا، تێكڕا حه‌وت هه‌زار و 741 كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاته‌كه‌یان.هاوكارده‌بین له گه‌ڕانه‌وه‌ی خوشك و برایانی سوورییمان".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، مانگی سووری توركی و رێكخراوه‌كانی هاریكاری مرۆیی كه له توركیاوه چوونه‌ته ناوچه‌كه، به‌رده‌وامن له‌سه‌ر چالاكییه‌كانیان بۆ گەیاندن و پێدانی هاوكاری بە خه‌لكی جه‌رابلوس.