Ferdi Türkten
16 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا کۆی گشتی ١٠٧ تیرۆریست لە چالاکی خراون کە ٤٦ یان لە نێو سنوورەکانی تورکیا و ٦١ دیکەیان لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیادا بوون.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، بەرپرس لە فەرمانگەی راوێژکاریی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، نادیدە شەبنام ئاکتۆپ بەمەبەستی پێدانی زانیاریی، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
ئاکتۆپ ئاشکراشی کرد کە سوپای تورکیا بەمەبەستی پاراستنی ئارامی وڵات و گەل، بە پێداگرییەوە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە و داعش.
ئاکتۆپ رایگەیاند کە بەمەبەستی سنووردارکردنی دەربازبوونی تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە بۆ نێو تورکیا لە کۆتا یەک مانگی رابردوودا، کۆی گشتی ٢١ ئۆپەراسیۆن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ئەنجامدراوە. ئاشکراشی کرد کە ١٣٩ حەشارگە، ئەشکەوت و کۆگا خاپوور کراون کە پێشتر لەلایەن تیرۆریستانەوە بەکارھاتوون.
ئاکتۆپ گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامدراون، کۆی گشتی ١٠٧ تیرۆریست لە چالاکی خراون کە ٤٦ یان لە نێو سنوورەکانی تورکیا و ٦١ دیکەیان لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیادا بوون".
بەرپرس لە فەرمانگەی راوێژکاریی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، نادیدە شەبنام ئاکتۆپ باسی لە گرنگی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆتایھێنان بە ھەژموونی پەکەکە لە شنگال کرد و پشتیوانی تورکیای بۆ ئەو رێککەوتنە دەربڕی.
رۆژی ٩ی ئەم مانگە، هەردوو حکوومەتی فیدڕال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن لەبارەی ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەمنی و ئیداری شنگال کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی حکوومەتی فیدراڵی ئیدارەی دۆسیەی ئەمنی شارەکە دەکات و کۆتایی بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و ھەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان بەو رێکخراوەوە ھەیە، دەھێنرێت.