Ali Rıza Akkır
24 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2022
موغڵا - AA
لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری جێب سێفاری کە گەشتیارانی هەڵگرتبوو لە قەزای مارماریس سەربە پارێزگای موغڵا باشووری خۆرئاوای توركیا، پێنج هاووڵاتیی عێراقی گیانیان لەدەست دا و پێنجی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری جێب سێفاری کە ژمارەی تابلۆکەی 66 DC 170 بوو و ژمارەیەک گەشتیاری هەڵگرتبوو، لە ناوچەی سەیر تەپەسی لەسەر رێگای داتچا، بەهۆی خلیسکی رێگاوە، وەرگەڕاوە.
ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوەکە لەسەر رێگاکە خۆی بە بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە کە بە ئاراستەی پێچەوانە هاتووە و ژمارەی تابلۆکەی 20 ACY 932 بووە.
دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، ئەمبولانس و تیمی ئاگرکوژێنەوە و تیمی پۆلیس رەوانەی ناوچەکە کران.
لەكاتێكدا پێنج هاووڵاتیی عێراقی لە رووداوەكەدا گیانیان لەدەستداوە، پینج گەشتیاری برینداریش لەلایەن تیمی فریاكەوتنەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی قەزاكە.
دوای پشکنینی داواکاری گشتی، تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی مارماریس.
ئەوە زانراوە کە بارودۆخی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە و شۆفێرەکان دەستبەسەر کراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، رووداوەكە لەكاتێكدا روویداوە كە ئۆتۆمبێلەکە كە گەشتیارانی عێراقی تێدابوو، گەشتەكەی تەواوكردووە و بەنیاز بووە بگەڕێتەوە سەنتەری قەزاكە.
شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی عەلی ک.ت. لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی، ئەو جێبەی کە لەسەر رێگاکە وەرگەڕاوە، بەرەو رووی هاتووە و خۆی پێدا کێشاوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو رێگایەی کە رووداوەکەی تێدا روویداوە بەڕووی هاتوچۆدا داخرا.