Adem Koç,Halil Demir,Muhammet Ali Kemal
11 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2018
ئیستانبوڵ - AA
لە پێنج پارێزگای تورکیا، ئۆپەراسیۆن بە مەبەستی دەستگیرکردنی ٢٣٥ کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی لە رێکخراوی تاوانباری عەدنان ئۆکتار، ئەنجامدرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، ئۆپەراسیۆنی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ، بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەندامانی رێکخراوی تاوانباری عەدنان ئۆکتار درێژەی هەیە.
لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی رێکخراوەکە هەریەک لە تۆمەتەکانی "دامەزراندنی رێکخراو لە پێناو ئەنجامدانی تاواندا، دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر منداڵان، پەلاماردانی سێکسیی، پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ نەوجەواناندا، رفاندن یان دەستبەسەرکردنی منداڵان، گێچەڵی سێکسی، شانتاژکردن، زەوتکردنی ئازادی تاکەکان، سیخوڕیی سیاسیی و سەربازیی، فێڵکردن لەڕێگەی بەکارهێنانی بیروباوەڕی ئایینی، سپیکردنەوەی پارەی تاوانەکان، پێشێلکردنی نهێنی ژیانی تایبەت، ساختەکاریی لە دۆکیومێنتی فەرمییدا، پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەڕەشە، زۆرلێکردن، تۆمەت هەڵبەستن، سارکردنەوەی خەڵک لە خزمەتی سەربازیی، سووکایەتییکردن، هەڵبەستنی تاوان، شایەتی درۆ، هەڵخەڵەتاندنی بە پلان، پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی، پێشێلکردنی یاسای باج، بەرتیل، رێگرییکردن لە مافی پەروەردە و فێرکردن، ئازاردان، تۆمارکردنی زانیاریی تاکە کەسیی، رێگرییکردن لە بەکارهێنانی مافە سیاسییەکان، پێشێلکردنی یاسای پارێزگارییکردن لە خێزان و رێگرییکردن لە توندوتیژیی دژی ژنان" دەگرێتەوە.
ئۆپەراسیۆنە هاوکاتەکان بە مەبەستی دەستگیرکردنی ٢٣٥ گومانلێکراو لە پێنج پارێزگا کە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئیستانبوڵە و عەدنان ئۆکتار یەکێکە لە گومانلێکراوەکان، درێژەیان هەیە.