ئەنقەرە
لە مانگی كانوونی دووەمی ئەم ساڵ 17 پێشمەرگەی كوردستان لە باشووری شاری كەركووك بە دیل كەوتنە دەستی چەكدارانی رێكخراوی داعش. رۆژی 21 ئەم مانگە كە ھاوكاتە لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆز، داعش سێ پێشمەرگەی بەشێوەیەكی دڕندانە سەربڕی. گرتە ڤێدیۆكەشی لە ماڵپەڕێکی نزیك لە خۆی بڵاو كردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە نووسراوێكدا وێڕای پرسە و سەرەخۆشی خۆی کە ئاراستەی ماڵباتی پێشمەرگەكانی کردووە، ئیدانەی كردەوە وەحشیگەرانەكەی داعش دەکات. لە نووسراوەكەدا ھاتووە: "بەدڕندانە كوژرانی سێ پێشمەرگەكەی كوردستان بەتوندی ئیدانەی دەكەین و نەعلەت لەو كردە وەحشیگەرانەیە دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ھاوخەمی خۆی لە بەرانبەر ئەو ئازارەی گەلی كورد دەربڕی و راشیگەیاند: "لەو رۆژەدا ھاوخەمی خۆمان بۆ گەلی كوردستانی برا دەردەبڕین. لەو نێوەندەشدا دەمانەوێت دووپاتی بكەینەوە كە لە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش پاڵپشتی لە عێراق و كوردستان دەكەین بۆ ئەمەش ئامادەین ھەموو ھاوكارییەک پێشكەش بكەین و بەردەوامیش دەبین لە ھاوكاری".