Fırat Atmaca,Cüneyt Çelik,Günay Nuh,Hüseyin Demirci,Selami Küçükoğlu,Bülent Mavzer
15 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2023
ئەرزەڕۆم - AA
لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم و قەرس بەفربارین و لە پارێزگاکانی ئەردەخان و ئاگری و ئیدر سەرماوسۆڵەی توند کاریگەر بوو.
بەهۆی بەفربارین کە کاتەکانی ئێوارە دەستی پێ کرد، ئەرزەڕۆم بەرگی سپی پۆشی و کاتەکانی بەیانی هاووڵاتییان بەفری کەڵەکەبووی سەر خانوو، دووکان و ئۆتۆمبێلەکانیان راماڵی.
شوێنەوارە مێژووییەکانی پارێزگاکە وەک قەڵای ئەرزەڕۆم، سێ قوبەکە، مزگەوتی لالا پاشا و مەدرەسەی یاقوتییە بەرگی سپیان پۆشی.
بەهۆی بەفربارین و کاریگەری سەرماوسۆڵەوە، کاتەکانی بەیانی سەهۆڵبەندان لە شەقام و رێگاوبانەکان دروست بوو.
هاووڵاتییان لەژێر درەختەکاندا، خۆراکیان بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان دانا کە بەهۆی بەفربارین و سەرماوسۆڵەوە دووچاری سەختی بوون لە پەیداکردنی خواردندا و منداڵانیش بەکۆمەڵ شەڕتۆپەڵ و یاری ناو بەفریان ئەنجام دا.
هەروەها بەهۆی تەمەوە کە لە چەند ناوچەیەکی شار کاریگەر بوو، مەودای بینین دابەزی.
ئاستی بەفری باریو لە ناوەندی خلیسکێنەی پالاندۆکەن گەیشتووەتە ٣٥ سانتیمەتر.

- قەرس
سەرماوسۆڵەیەکی زۆر لە پارێزگای قەرس، کاتەکانی بەیانی بەفربارینی بەدوای خۆیدا هێنا و لە ماوەیەکی کورتدا ناوەندی شارەکە سپی پۆش کرد.
بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرماوسۆڵەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ئاوی جۆگە و رووبارەکان بەستوویەتی.
پلەکانی گەرما لە قەزاری ساریکامش سەربە پارێزگای قەرس کە بە شەو دابەزیوە بۆ ١٥ پلە خوار سفری سەدی، زوقمی لەسەر درەخت و رووەکەکان دروست کردووە و چلورە بە بنمیچەکاندا شۆڕبووەتەوە.
لەم نێوەندەدا، کۆتر و مراوی کێوی هەوڵی دۆزینەوەی خۆراک دەدەن لە لێواری چەم و رووبارەکاندا.
درەختەکانی سنەوبەر لە ناوەندی خلیسکێنەی جبڵتەپە زوقمیان گرتووە.

- ئەردەخان
بەهۆی کاریگەری سەرماوسۆڵەوە لە پارێزگای ئەردەخان سەهۆڵبەندان روویداوە.
هاووڵاتییەکی شارەکە بەناوی هاکان کۆکسال، باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ هێشتا بەفر لە شارەکەیاندا نەباریوە، بەڵام سەرماوسۆڵەی توند کاریگەری نەرێنیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.

- ئاگری
بەهۆی سەرماوسۆڵەوە لە ئاگری جامخانەی خانوو و دووکانەکان بەستوویەتی.
لە قەزای هامور، منداڵان بە ئەنجامدانی خلیسکێنەی سەربەفر کاتێکی خۆشیان بەسەر برد.
- ئیدر
بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرماوسۆڵەیەی پارێزگای ئیدری گرتووەتەوە، پلەکانی گەرما لە شەودا دابەزیوە بۆ شەش پلە خوار سفری سەدی.
لە شارەکەدا کە شاخەکان بەرگی سپییان پۆشیوە، بەهۆی سەرماوسۆڵەوە، جامخانەی خانوو و دووکانەکان بەستوویەتی.
هاوکات رێگای ناوچە بەرزەکانیش بەهۆی سەرماوسۆڵەوە بەستوویەتی.