Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
13 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند کە تورکیا لە میوانداری کردنی پەناخواوان بووەتە نموونەیەک بۆ گشت جیھان. گوتیشی: "رۆژێک ئەم قۆناغە سەختانە تێپەڕ دەبێت. ئەوەی کە دەمێنێتەوە برایەتی و دڵ تێری ئەوە گەلە دەبێت".
ئەردۆغان لە بەربانگی دەزگای پیاوکاران و پیشەسازانی سەربەخۆی تورکیا کە بە (MÜSİAD) ناسراوە، لە ناوەندی کۆنگرەی خەلیج لە شاری ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بەرەکەت ھەرچەند بەش بکرێت ئەوەندە زیاتر دەبێت بۆیە پێویستە بەم ھزرەی رەمەزان ھەڵسوکەوت بکەین. ئێمە وەکو وڵات و گەل، مافی ئەوەمان نییە پشت لە ستەملێکراو و ھەژارانی جیھان بکەین. پێویستە خۆمان بە خاوەنی گشت میوانەکانی سووریا و عێراق لە وڵاتەکەمان بزانین".
لەبارەی میوانداریکردنی پەناخوازان لە تورکیا سەرۆكۆمار ئەردۆغان رایگەیاندووە کە لە ماوەی شەش ساڵدا ١٠ ملیار دۆلاریان خەرجکردووە گوتیشی: "ئێمە لە ماوەی شەش ساڵ ١٠ ملیار دۆلارمان لە پەناخوازان خەرج کردووە. بای ئەوەندەش رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شارەوانییەکان ھاوکاریان کردووە. ئایا کەمی کرد؟ خۆزگە دەمانتوانی خزمەتگوزاری باشتریش پێشکەش بکەین. خۆزگە دەمانتوانی کۆنتەینەر بۆ ئەوان دابین بکەین نەک چادر. بەم شتانە ھیچ لەدەست نادەین. بەڵکو قازانج دەکەین. رۆژی باشتر دێت ئینشائەڵا".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی زیادکردنی بڕی ھاوکاری کۆمەڵایەتی تورکیا لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٢وە تاکو ئێستا گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٢ لە وڵاتی ئێمە بڕی ھاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ ھاووڵاتیان دوو ملیار لیرە بوو. لەم ساڵەوە ئەم رێژەیە گەیشتووەتە سەرووی ٣٠ ملیار لیرە. لێرەدا ١٥ جار زیادی کردووە. واتە کاتێک ئێمە ھاوکاری ستەملێکراوانی جیھانمان کرد ھەرگیز ھاووڵاتیانی وڵاتەکەشمان لەبیر نەکردووە. بەم پێیەش تورکیا لە فراوانبوونیش نەوەستاوە. ھەروەکو گوتم بەرەکەت بە دابەشکردن زۆرتر دەبێت. ژمارەکانیش ئەمەش دەردەخەن".
ئەردۆغان لە درێژەی گوتارەکەیدا زیاتر گوتیشی: "ئاگاداری ئەوەین کە رووداوەکانی ئەم سێ ساڵەی دوایی وڵاتەکەمان ئابووری ماندوو کردووە بەڵام ھەرگیز پاشنەکەوتووین. رووداوەکانی پارگی گێزی، رووداوەکانی ١٧-٢٥ی کانوونی یەکەم، ھەوڵی کودەتا و کارە تیرۆریستییەکانی پەکەکە، لە دوای ئەمیش دوو ھەڵبژاردنی گشتی و پێشھاتەکانی سووریا، کێشەی نێوانمان لەگەڵ رووسیا، ماندووکەر بوو. ئینشائەڵا ئەم قۆناغە بەجێدەھێڵین و لە قۆناغی داھاتوو بەرەو ئامانجەکانی ٢٠٢٣ تێدەکۆشین".
ئەردۆغان راشیگەیاند کە ھەموو ئەوانەی ھاوکاری تیرۆر دەکەن ئەوا باجی خۆیان دەدەن و گەل کاردانەوەی توندیان بەرامبەر نیشان دەدات لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئەوانەی کە ھیچ وانەیەکیان لەم رووداوانە وەرنەگرتووە، بەھاندانی خوێندکارانی زانکۆ و قوتابیانی دواناوەندی لە ھەوڵی تێکدانی ئاسوودەیی کۆمەڵگەن. بەڵام گەلەکەمان ئیتر رووی راستەقینەی ئەوانەی دیت. رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و پشتیوانیکەرانی ئیتر ناتوانن بێنە شەقامەکان. ھەر کێ پاڵپشتی لە تیرۆر بکات ئەوا گەل کاردانەوەی خۆی بەرامبەر دەنوێنێت".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندیدار بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی تیرۆر رایگەیاند کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە تا دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئاسوودەیی بەردەوام دەبن.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لە بەردەوامی پێشکەوتنی تورکیا کردەوە و گوتی: "تورکیا ئیتر پێویستی بە رووداوەکانی گێزی و پێکھاتەیەکی ھاوتەریبی نوێ و ھەوڵی دیکەی لەمبارەیەوە نییە، بەڵکو پێویستی بە پێشکەوتنە لە نێو ژینگەیەکی سەقامگیر. ناتوانین ئێمە لە نێو خۆماندا شەڕ بکەین لە کاتێکدا دەورپشتمان پڕی دوژمنە. ئیتر رۆژ رۆژی بەھێزبوون و بەرەنگارییە".