Abdullah Shukur
29 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ
بڕیارنامەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قەدەغەی گەشتی بەشێکی ھاووڵاتیانی وڵاتانی موسوڵمان بۆ ئەمریکا، بووە رێگر لە بەردەم گەشتی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی نیودەوڵەتی لە تورکیاوە بۆ ئەمریکا.
لە دوای پەسندکردنی بڕیارنامەکەی ترەمپ، بەشێکی ئەو گەشتیارانەی کە بەمەبەستی چوون بۆ ئەمریکا ھاتبوونە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، بەبێ کێشە گەشتەکەیان ئەنجامدا و بەشێکیش رێگەیان پێنەدرا.
لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا، رێگە نەدرا بەشێکی گەشتیارانی عێراق، ئێران، سووریا، سودان، یەمەن، لیبیا و سۆمال سواری فڕۆکە ببن.
بەرپرسان رایانگەیاند کە پێشتر ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی تایبەتی ئەمنی خۆی رێگە بە بەشێکی گەشتیاران نەداوە بۆ ئەوەی سەردانی ئەمریکا بکەن.
لە لایەکی دیکەش، ھاووڵاتییەکی سووری بە ناوی نەیل زەینۆ رایگەیاند کە دوینێ نیوەڕۆ بە مەبەستی چوون بۆ لۆس ئەنجێلۆس ھاتووەتە فڕۆکەخانە. گوتیشی: "گشت بەڵگەکانمان بە مەبەستی چوون بۆ ئەمریکا تەواوکردووە. ڤیزەم وەرگرتووە. پاسەپۆرتی سووریام ھەیە. ھاتووم بۆ ئێرە. بەڵگەنامە پێویستەکانی نیشاندا. گشت بەپرسیارێتیەکانی ھەڵگرتووە. پاشانیش بەمن دەڵێن ڤیزەکەت ھەڵوەشاوەتەوە. پێشنیاری ئەوەیان کرد کە دووبارە بچمەوە کونسوڵخانە. ھاوسەرەکەم و دوو منداڵەکەم ماوەی دوو ساڵە لە ئەمریکا دەژین. ٢٧ی ئەم مانگە ڤیزەم وەرگرتووە ھەمان رۆژی بڕیارەکەی ترەمپ".
بەم پێیەش زەینۆ دەستیکرد بە گریان و لە لایەن بەرپرسانەوە بە مەبەستی گەڕاندنەوە بۆ وڵاتەکەی بۆ ھۆڵی گواستنەوە بردرا.
لە لایەکی دیکەش ھاووڵاتییەکی عێراقی بە ناوی ئەحمەد زوھەیر کە لەگەڵ خوشک و خێزان و دوو منداڵەکەی نیازیان وابوو بچن بۆ ئەمریکا، سەرەڕای ھەبوونی گرین کارت رێگە نەدرا سواری فڕۆکە ببن. زوھەیر گوتیشی: "ماوەی دوو ساڵە لە ئەمریکا دەژیم. تەنھا دوو ھەفتە پێش ئێستا گەڕاومەتەوە عێراق. دوای ئەوەی زانیم کە ناتوانم بچم بۆ ئەمریکا، گەشتەکەم ھەڵوەشاندەوە".