Çiğdem Alyanak,Hatice Şenses Kurukız,Murat Paksoy,Emin İleri,Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
03 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2019
ئیستانبوڵ - AA
کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند "بانگێشتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی کە ویژدانی ١٦ ملیۆن مرۆڤی ئیستانبوڵ قبوڵی ناکات، بەوردیی تاوتوێ بکات و رۆڵی خۆی ببینێت لە پڕۆسەکەدا".
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە ناوەندی ناوچەی دووەمی هەماهەنگی هەڵبژاردن رێکیخست، بانگەشەی ئەوەیکرد کە هەوڵ دەدرێت بابەتەکە بۆ رەهەندێکی دیکە ئاراستە بکرێت.
کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ جەختی لەوەکردەوە کە داوای دادپەروەریی دەکەن و گوتی: "ئێمە بە نوێنەرایتی ویژدانی ١٦ ملیۆن کەسی کۆمەڵگاکەمان، بە دەنگی ئەوانەی لەم هەڵبژاردنە مەزنەدا دەنگیان داوە، بەو دەنگانەی کە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، بەو ئەنجامەی کە ئاشکرای دەکات من هەڵبژێدراوم، داوای کۆنووسەکە دەکەین. داوا لە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەم بە ئەرکی خۆی هەستێت. پڕۆسەکە بەوردترین شێوە و بە هەموو هەستیارییەکانییەوە بەڕيوەبەرێت".
کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ باسی لەوەشکرد کە رێگەی تێدەچێت لە هەڵبژاردنەکەدا هەڵە و کەموکوڕیی هەبێت و جەهەپەش لەوبارەیەوە داواکاریی پێشکەشکردووە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو باسی لە ژماردنەوەی دەنگە هەژمارنەكراوەكانیش كرد و رایگەیاند، دڵنیایی قۆناغەكە لای دەستەی هەڵبژاردنی باڵایە و پێویستە راستگۆبێت لە ئاست جێبەجێكردنی تەواوی بڕیارەكاندا. ئاماژەی بەوەشداوە كە خۆیان لە نزیكەوە چاودێریی بابەتەكە دەكەن و گوتی:
"حەیف و گوناهە، ویژدانی كۆمەڵگا ئازار مەدەن. ساتێك زووتر دەسەڵاتەكانم رادەست بكەن و كاتی ئیستانبوڵ بەفیڕۆ مەدەن. قۆناغەكە هەستیارە. قۆناغەكە هەستیاریی دەوڵەتی دەوێت. هەستیاریی دەوڵەت زۆر گرنگە. كەسانی بەرپرسی ئەم وڵاتە، دامەزراوە و وەزیر و ناوەندی پارتەكان، پێویستە لەجێی ئەنجامدانی كۆبوونەوە، نیشاندانی هەستیاری لەم قۆناغەدا دەستەبەربكەن و بەرپرسان دەستنیشان بكەن و ئەركەكانی پێ بسپێرن. كۆتایی جیهان نەهاتووە. تەماشا بكەن، 16 ملیۆن مرۆڤ دڵخۆشە".
لە كۆتاییدا کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو گوتی: "بانگەوازی ئاساییبوونەوەم ئەوەیە. دادپەروەریم دەوێت. ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵە".