Hatice Şenses Kurukız
12 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ئەوەى راگەیاند کە تورکیا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ساڵی ٢٠٢١ ببێتە ساڵی سەرکەوتن بەسەر ئەو پەتایەدا و گوتيشى ئەمساڵ دەبێتە ساڵی ئامادەکاری بۆ چوونە نێو قۆناغی گەشەسەندن لەچوارچێوەی پلانێکی مەودا ناوەند.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی "کۆبوونەوەی ناساندنی چاکسازی ئابووری" کە لە ناوەندی کۆنگرەی خەليج لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، گوتارێكى پێشکەش کرد.
ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە کە ئیتر ھیچ کەسێک و ھیچ لایەنێک بە فەرامۆشکردنی گەل، ناتوانێ خەیاڵی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و دەوڵەت دروستبکات، ھاوکات ئەو دەسەڵاتەی کە پشتیوانی زیاتری نیوەی گەل بەدەستدەھێنێ، چانسی ئەوەی نییە کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی گەل جوڵە بکات و جیاوازی بخاتە نێو مرۆڤەکان بەھەر ھۆکارێک بێت.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتى، "بە شێوەیەکی دیکە، سەقامگیری سیاسیمان بە دامەزراوەیی کرد کە یەکێکە لە بنەماکانی گەشەپێدانی ئابووری و دیموکراتییەت. ئەمە لە ھەمان کاتدا دەبێتە ھەنگاوێک بۆ دروستکردنی ژینگەی متمانەپێکردن. تورکیا، سەرەڕای کۆمەڵێک قەیرانی ناوچەیی و جیھانی توانیویەتی پارێزگاری لە ھێزی خۆی بکات. هاوکات ئەگەر تا ئێستا توانیویەتی بەرەو ئامانجەکانی ھەنگاو بنێت ئەوا ھەر لە سایەی ئەم توانایەی بووە".
ئەردۆغان، جەختیشی لەوە کردەوە کە سیستەمی بەڕێوەبردنی نوێی تورکیا دەبێتە دڵنیایی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ماوەی چەندین سەدە و گوتى، "پشت بە خوا بە دەستوورێکی مەدەنى و نوێ، لەمبارەیەوە چەند ھەنگاوێکی پێویست دەنێين. پەتای کۆرۆنا کە ھاوشانی وڵاتانی جیھان کاریگەری لەسەر تورکیاش ھەبوو، بووەتە تاقیکردنەوەیەک بۆ سیستەمی نوێی بەڕێوەبردن و ئەو ژێرخانە بەھێزەی کە لەماوەی ١٨ ساڵی رابردوو دروستمان کردووە".
ئەردۆغان، گوتیشی، "سوپاس بۆ خوا لە بوارەکانی وەک بەرھەمھێنان،ئاسایش و تەندروستیی سەرکەوتوو بووین. ھەڵبەتە رووبەڕووی کێشە بووینەتەوە و دەشبینەوە، بەڵام ئەمانە شتێک نین کە بەسەریدا زاڵ نەبین. کاتێ سەیری تابڵۆی وڵاتانی پێشکەوتوو ھاوکات ئەو وڵاتانەی کە لە پێشکەوتن دان دەکەین، بە باشتر ئەوە دەبینین کە تورکیا چۆن بە شێوەیەکی ئەرێنی خۆی لە نێو قۆناغی ئەو قەیرانە رزگارکردووە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە قەبارەی ئابووری جیھانی لە ساڵی ٢٠٢٠ کرد و لەمبارەیەوە گوتی، "لە ساڵی ٢٠٢٠دا رێژەی ئابووری جیھانی لە سەدا ٣،٥ دابەزیوە. بازرگانی جیھانی بە نزیکەی سەدا ١٠ کەمیکردووە. بەرھەمھێنانی راستەوخۆی نێودەوڵەتی سەدا ٤٢ کەمیکردووە. قەرزی جیھانی گەیشتووەتە ٢٨٢ تریلیۆن دۆلار و ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژووی جیھاندا. نرخی خۆراک لەماوەی شەش ساڵ و نیوی رابردوودا تۆماری پێوانەیی شکاندووە. کاریگەرە رووخێنەرەکانی ئەو پەتایە تا ئێستا کۆتایی نەھاتووە و رۆژ بە رۆژیش ھەڕەشەی نوێ سەرھەڵدەدات".