Andaç Hongur
23 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2020
ئيستانبوڵ - AA
وهزیری تهندروستی توركیا فەخرەدین کۆجا، سەبارەت بە هەنگاوەكانى توركيا بۆ خۆپاراستن لە حاڵەتەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا و دوايين دۆخى قوربانيانى بوومەلەرزەكەى ئێران لەسەر پارێزگاى وان روونكردنەوەيەكى دا.
كۆجا، لە روونكردنەوەيەكيدا بۆ رۆژنامەنووسان لە نەخۆشخانەى فێركاريى د. لوتفى كردرارەوە، باسى لە كاريگەرى و زيانەكانى بوومەلەرزەكەى سەر باشكالەى پارێزگاى وان كرد كە چەقى بوومەلەرزەكە ئێران بوو و بە گوڕى ٥.٩ پلە بوو و گوتى:
"لەيەكەم ساتەكانى بوومەلەرزەكەوە ٢٥ ئامبوڵانس، هێليكۆپتەرى ئامبوڵانس و ١٣ تيمى بەهاناوەچوونى پزيشكى نيشتيمانى (UMKE)مان نارد بۆ ناوچەكە. لەو كارەساتەى كە بەرەبەيان روويداوە بە داخەوە ٩ هاووڵاتيمان گيانى لەدەستدا و ٥٠ى ديكەش برينداربوون".
وەزيرى تەندروستى توركيا، ئەوەى رايگەياند كە بريندارەكان لە سێ نەخۆشخانەدا چارەسەريان بۆ دەكرێت و ئاماژەشى بەوە كرد كە دوو لەو بريندارانە لە ژێر چاودێرى ورد دان و بارى تەندروستييان ناجێگيرە.
- "هاتن لە ئێرانەوە راگيراوە"
وهزیری تهندروستی توركیا فەخرەدین کۆجا، رايگەياند تاكو ئەمڕۆ بە ئيسرائيل و لوبنانەوە لە ٣٢ وڵاتدا ڤايرۆسى كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، ژمارەى توشبووان ٧٤ هەزار ٤٠٢ كەسن و كۆى دوو هەزار و ٤٦٤ كەسيش بە هۆى ڤايرۆسەكەوە گيانيان لەدەستداوە.
كۆجا، راشيگەياند كە ئەمڕۆ ژمارەى توشبووان بە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ئێران بۆ ٤٣ كەس بەرزبويەوە و هەشت كەسيش گيانيان لەدەستداوە و گوتيشى: "سێ دەروازەى سنووريمان لەگەڵ ئێراندا هەيە: گوربوڵاك لە ئاگرى، كاپيكۆى لە وان و ئەسەندەرە لە هەكارى. لەگەڵ ئەمانەشدا لە ناوچەى ئۆزەرك ناهچيڤان لە ئيغدر دەروازەى سنوورى ديلوجومان هەيە. لەسەر پێشنيارى دەستەى پسپۆرانی سەر بە وەزارەتەكەمان و لە چوارچێوەى بڕيارە پێشنياركراوەكان بە پێويستمان زانى جگە لە كەمكردنەوەى هاتوچۆ لە دەروازەكان چەند رێوشوێنێكى ديكە بگرينەبەر. بەهۆى بەرزبوونەوەى حاڵەتەكان لە ئێران بڕيارى داخستنى كاتيمان بۆ سنوورەكانمان لەگەڵ دراوسێكەمان دەركرد".