Muhammet Ali Kemal
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان بە تەلەفۆن پەیوندی بە سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی نیشتمانیی فەڵەستین مەحموود عەباسەوە کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی ناو سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە دەستکەوتوون، ئەردۆغان زانیاریی سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا داوەتە عەباس. ئەوەیش زانراوە کە سەرکۆماری تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل رێککەتووە بەمەبەستی باشکردنی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە.
لای خۆیشییەوە مەحموود عەباس خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بە رێککەوتنەکە نیشان داوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەریەک لە ئەردۆغان و عەباس جەختیان لە گرنگیی سازانی نێوان لایەنە فەڵەستینییەکان کردووەتەوە و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان تورکیا و فەڵەستیندا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان هەبێت.
هەینی رابردوو، ئەردۆغان لە میانی پیشوازیکردنی لە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، خالید مشعەل لە ئیستانبوڵ، زانیاریی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان دابوویە ناوبراو.