Muhammet Ali Kemal
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2016
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، سەڵاحەددین دەمیرتاش لە میانی خوانێکی بەربانگدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە لەڕێگەی ئەو هاوکارییانەوە کە دۆستەکانیان پێشکەشیان دەکەن، برینەکانی هەریەک لە نسێبین، یوکسەکۆڤا، جزیر و شرنەخ ساڕێژ دەکەنەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لەوەکردەوە کە سەرلەنوێ نسێبین بنیات دەنێنەوە و گوتی: ''لەسەرانسەری جیهانەوە هاوکاریی ئێرە بکەن، خۆتان وەرن و لەبنیاتنانەوەیدا کاربکەن. ئەی ئەوانەی لە هەرشوێنێکی جیهان نیشتەجێن، روو لە ئێرە بکەن، با دڵتان لەگەڵ نسێبیندا بێت. وەرن و لەڕێگەی نزاکانتانەوە، لەڕێگەی ئارەقەی نێوچەوانتانەوە، لەڕێگەی هەوڵ و هاوکارییە داراییەکانتانەوە، نسێبین ئاوەدان بکەنەوە. ئێمە سەرلەنوێ نسێبین بنیات دەنێینەوە''.
دەمیرتاش هەروەها باسی لەوەیش کرد لە ماوەیەکی کورتدا بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە نسێبین بە شێوەیەکی کاتیی یان بەتەواوەتی هەڵدەگیرێت و پێویستە هەمووان خاوەندارێتیی لە دانیشتوانی شارۆچکەکە بکەن.
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە راشیگەیاند کە لەڕێگەی ئۆتۆمبیلەکانی بیناسازیەوە ماڵ و خانووەکان دەڕووخێنن. تەنانەت رێگە بە دانیشتوانەکەشی نادرێت کەل و پەلەکانیان لە ماڵەکانیان دەربهێنن.
دواتر سەڵاحەددین دەمیرتاش گوتی:''هەر لە ئێستاوە یاسای پارێزبەندییان بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەشدارییان کردووە. بە پشتیوانیی جەهەپە و مەهەپە یاسایەکیان دەرکرد کە پارێزبەندیی دەداتە ئەو کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکان کە لە هەموو جۆرە تاوانێکەوە تێوەگلاون. ئەگەر متمانەتان بەخۆتان هەیە، مادەم دەڵێن هیچ تاوانێک لەوێ ئەنجام نەدراوە، چی پێویستییەک بەم یاسای پارێزبەندییە هەبوو؟''.
دەمیرتاش دووپاتیکردەوە کە ستەم لە کەسانی دیکە ناکەن و دەستدرێژییان ناکەنە سەر بەڵام بەهیچ شێوەیەکیش واز لەو شتانە ناهێنن کە هی خۆیانە.